Accessibility links

هه‌ردوو  گه‌وره‌ كاربه‌ده‌سـتی ئه‌مریكا له‌ عێراق بۆ ڕۆژی دووهه‌م وه‌ڵامی پـرسـیاره‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌


فه‌رمانده‌ی باڵای له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ عێراق و باڵوێزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ بۆ ڕۆژی دووهه‌م ده‌كه‌ونه‌ به‌ر پـرسـیاره‌كانی كۆنگرسی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ عێراق.

جه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد په‌تریه‌س و باڵوێز ڕایان كرۆكه‌ر له‌به‌رده‌م كۆمیته‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و كۆمیته‌ی كاروباری له‌شـكری سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی سینات شـایه‌تی خۆیان ده‌ده‌ن.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ده‌یڤد په‌تریه‌س به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سیناتی گوت ئه‌و پـێشـنیاز ده‌كات دوای مانگی حه‌وت به‌ لایه‌نی كه‌م بۆ ماوه‌ی 45 ڕۆژ كشـانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ڕابگیرێت. گوتی له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵـسه‌نگاندنێـكی نوێ بۆ ده‌سـتكه‌وته‌كانی له‌شـكر له‌ عێراقدا ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها هه‌ردووكیان باسـیان له‌ به‌ره‌وپـێشـچوونه‌كان له‌ عێراقدا كرد، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا به‌ ناسـك و لاوازیان له‌قه‌ڵه‌م دان و گوتیان له‌وانه‌شه‌ وه‌ربگه‌ڕێته‌وه‌.

دره‌نگانێـكی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ش ڕایان كرۆكه‌ر به‌ كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی ABC ئه‌مریكایی گوت كه‌وا واشنتن ئاماده‌یه‌ وتووێـژی زیاتر له‌گه‌ڵ ئێراندا بكات تا تووشی شه‌ڕێـكی ناڕاسـته‌وخۆ له‌گه‌ڵ تاراندا نه‌بێت له‌سه‌ر خاكی عێراق. جێی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ واشنتن ئێران تاوانبار ده‌كات به‌وه‌ی میلیشـیا شیعه‌كان له‌ عێراق پـڕ چه‌ك ده‌كات، هه‌رچی تارانیشـه‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م شـایه‌تیدانه‌ی ده‌یڤد په‌تریه‌س و ڕایان كرۆكه‌ر هه‌ردوو په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا دان ڕۆبنسـن و دێبورا ته‌یت له‌ باڵه‌خانه‌ی كۆنگرسه‌وه‌ ڕاپـۆرتیان ئاماده‌كردووه‌ و هاوكارانمان به‌ڵێن سـاڵح و كاوه‌ كرمانج وه‌ریانگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

ده‌توانن گوێبیستی ده‌قی هه‌واڵ و وه‌رگێڕاوی هه‌ردوو ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG