Accessibility links

ژماره‌ی قوربانی‌یه‌کانی پێکدادانه‌کانی گه‌ڕه‌کی شاری سه‌در له به‌رزبونه‌وه‌دایه‌


ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی ده‌ڵێن له ئاکامی پێکدادانه‌کانی نێوان هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکی و چه‌کداران له گه‌ڕه‌کی شاری سه‌در له به‌غدا، به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 20 که‌س کوژراون و زیاتر له 50 که‌سی دیکه‌ بریندار کراون. ئه‌م شه‌ڕوپێکدادانه‌ له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ده‌ستی پێکرد له‌و ناوچه‌یه‌ی که‌ مه‌لای توندڕه‌وی شیعه‌ ئاینزاکان لایه‌نگری چه‌کداری زۆره‌.

ده‌سه‌ڵاتداران تاوه‌کو ئێستا ناوی قوربانی‌یه‌کانیان ئاشکرا نه‌کردووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێن ژنان و مناڵان له نێو برینداره‌کاندان. پێشتریش، له‌شکری ئه‌مه‌ریکی گوتی له ئاکامی هێرشێکی ئاسمانی هه‌لیکۆپته‌رێکی ئه‌مه‌ریکی بۆ سه‌ر شاری سه‌در، نۆ که‌س کوژراوه و له‌شکر قوربانی‌یه‌کانی به‌ تاوانکاران ناوزه‌د کرد. تاوه‌کو ئێستاش ئاشکرا نی‌یه‌ که ئایا ئه‌م قوربانی‌یانه‌ ئه‌وانه‌ن که له نێو ئه‌و 20 که‌سه‌دان که ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی قوربانی بوونیانی ڕایگه‌یاندووه‌.

ئه‌م شه‌ڕوپێکدادانه‌ی دواییه‌ له ڕۆژێک دوای بانگهێشته‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی سیاسی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی عێراقی هات که تیایدا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشیاکان و دانه‌وه‌ی چه‌که‌کانیان به‌ حکومه‌ت کردبوو. ئه‌نجومه‌نی ناوبراویش له سه‌رۆکی عێراقی و سه‌رۆک وه‌زیر و سه‌رکرده‌ی هێز‌ه‌ سیاسی‌یه‌کانی ناو په‌رله‌مان پێکهاتووه‌.

له لایه‌کی دیکه‌، کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ده‌ڵێن هێزه‌کانی ئاسایش 42 خوێندکاری زانکۆیان ئازادکردووه‌ که ڕۆژی یه‌کشه‌ممه له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵێک چه‌کداره‌وه له نزیک شاری موسڵ ڕفێنرابوون.

XS
SM
MD
LG