Accessibility links

سـیناتۆر جۆ بایدن ده‌ڵێت زیادكردنی ژماره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق شـكسـتی هێنا


سـیناتۆر جۆ بایدنی دیموكرات له‌ میانه‌ی وتاره‌ هه‌فتانه‌یـیه‌كه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی دیموكراته‌كاندا ئاماژه‌یه‌كی ڕاسـته‌وخۆی به‌وه‌ كرد كه‌ زیادكردنی هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراقدا شـكستی‌هێناوه‌.

له‌ مانگی یه‌كی سـاڵی 2007 دا سه‌رۆك بوش بڕیاری ناردنی هێزی سه‌ربازی زیاتری بۆ عێراق به‌سـه‌ندكرد به‌ مه‌به‌سـتی یارمه‌تیدان بۆ دامركاندنه‌وی ئاوری توندوتیژیـیه‌كانی عێراق.

گه‌لێـك له‌ گه‌وره‌ كاربه‌ده‌سـتانی له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ عێراق و كاربه‌ده‌سـتانی تری عێراقیش ئاماژه‌یان به‌ دابه‌زینی ئاسـتی ئه‌و توندوتیژیـیانه‌ كردووه‌ له‌ عێراقدا، به‌ڵام له‌ میانه‌ی ئه‌م وتاره‌ هه‌فتانه‌یی‌یه‌ ڕادیۆیـی‌یه‌ی دیموكراته‌كاندا سـیناتۆر بایدن كه‌ هه‌ر بۆخۆشی سه‌رۆكی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌ ده‌ره‌وه‌یـیه‌كانی سیناته‌ ده‌ڵێت به‌ پـێچه‌وانه‌وه‌ ناردنی ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازیـیانه‌ی تر بۆ عێراق له‌ به‌ده‌سـتهێنانی ئامانجه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

سـیناتۆر بایده‌ن ده‌ڵێت " مه‌به‌ست له‌ زیادكردنی هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كان بۆ دامركاندنه‌وه‌ و نه‌هێشـتنی توندوتیژیـیه‌كان بوو، ئه‌وجاش بـبێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی عێراقی له‌ ڕووی سـیاسـیـیه‌وه‌ پـێـكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌."

سیناتۆر بایدن ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاسـتی توندوتیژیـیه‌كان به‌ڵام ڕێـكـكه‌وتنی سـیاسی له‌ نێوان ڕێبه‌رانی عێراقدا نه‌هاته‌ كایه‌.

ده‌ڵێت " هێشـتاش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو وڵاته‌كه‌ له‌ كێشه‌ی نێوان سـوننه‌ و شیعه‌ و كورده‌كاندایه‌ و ته‌نانه‌تیش له‌ كێشه‌ و ئاڵۆزكاری نێوخۆی هه‌ریه‌ك له‌و لایه‌نانه‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا بینرا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌ شه‌ڕه‌كانی ئه‌م دوایـیه‌ی شـاری به‌سـره‌ له‌ باشوری عێراق، وه‌ ده‌شڵێت به‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌وتۆش له‌ ئارادا نیـیه‌ نیشـان بدات عێراق به‌م زووانه‌ بتوانێت هه‌م خۆی به‌ڕێوه‌بـبات و به‌رده‌وامیش به‌ ئاشـتی بدات.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا سـیناتۆر جۆ بایدن سـتایشی كار و چۆنێتی به‌جێـگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی له‌شـكری ئه‌مریكای كرد به‌ڵام هێشـتاش عێراقی وه‌ك یه‌كێـك له‌ شوێنه‌ هه‌ره‌ مه‌ترسی به‌خشـه‌كان ناسـاند بۆ ئه‌مریـكایـیه‌كان، وه‌ واشی باس لێوه‌ كرد كه‌ هێشـتاش زۆر دوره‌ له‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه‌ی ئاسایی بـبێته‌وه‌.

سـیناتۆر بایدن ده‌ڵێت وێڕای ئه‌و باشـترین هه‌وڵانه‌ی له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌یدات، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌ر له‌ شوێنی خوتدابیت و هیچت به‌ هیچ نه‌كردبێت.

سـیناتۆر بایدن ده‌ڵێت " له‌و بڕوایه‌دایه‌ سه‌رۆك بوش هیچ سـتراتیژیـیه‌تێـكی بۆ سه‌ركه‌وتن نیـیه‌ له‌ عێراقدا و ده‌شڵێت له‌و بڕوایه‌دایه‌ پلانه‌كه‌ی سه‌رۆك بوش كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت وه‌ك كێشـه‌یه‌ك ده‌یداته‌ ده‌ست جیگره‌وه‌كه‌ی.

سـیناتۆر بایدن ده‌ڵێت هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی ئه‌مریكا و كه‌سوكاریـشـیان شـایسـته‌ی باشـترن وه‌ك له‌وه‌ی تیایدان، وه‌ ده‌شڵێت پـێویست به‌ سـتراتیژیـیه‌تێـكه‌ هێنده‌ی قوربانیـیه‌كانی ئه‌و سـه‌ربازانه‌ی ئه‌مریكا بێت و دیموكراته‌كانیش تێـگه‌یشـتوون له‌وه‌ی ده‌بێت شه‌ڕ كۆتایی‌پـێبێت.

شه‌ڕی عێراق له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵـبژاردنی ئه‌مریكاشدا بۆ پـۆسـتی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ و هه‌ردوو كاندیدی دیموكراته‌كان سیناتۆر هێله‌ری كلنتن و سـیناتۆر باراك ئۆباما ئاماژه‌ به‌ كشـانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، له‌ ده‌مێـكدا سـیناتۆر جۆن مه‌كـكه‌ینی كۆماری ئاماژه‌ به‌ هێشـتنه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات له‌ عێراقدا.

XS
SM
MD
LG