Accessibility links

سه‌رۆك بوش دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كانی لووتكه‌ی ناتۆ گه‌یشـته‌ كرواتیا


سه‌رۆكی ئه‌مریكا جۆرج ده‌بلیو بوش له‌ كرواتیایه‌ ڕۆژێـك پاش كۆبوونه‌وه‌ لووتكه‌یــیه‌كه‌ی ناتۆ له‌ بوخارست كه‌ تیایدا داوای كرد ئه‌و وڵاته‌ و ئه‌لبانیا ده‌ست به‌ وتووێـژه‌كانی به‌ ئه‌ندامبوونیان له‌ ناتۆدا بكه‌ن.

به‌ڕێز بوش پایته‌ختی ڕۆمانیای به‌جێهێشت پاش ئه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی ناتۆ له‌وێ له‌گه‌ڵ ڤلادیمیر پـوتنی سه‌رۆكی ڕوسـیادا كۆبوونه‌وه‌.

سـكرتێری گشـتی ناتۆ یاپ دێ هوپ شێفه‌ر وتووێـژه‌كانی به‌ باش هه‌ڵسه‌نگاند، به‌ڵام گوتیشی هیچ پـێشـكه‌وتنێـكی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌. دواتر به‌ڕێز پـوتن خۆشـحاڵی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ وتووێـژه‌كان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌ هه‌ندێ گرفت دا، له‌وانه‌ ناڕه‌زایی ڕوسـیا به‌رامبه‌ر پـلانی سـیستمی موشه‌كی به‌رگری ئه‌مریكایی و به‌رده‌وامبوون له‌ فراوانكردنی ناتۆدا.

پـێشـتر هه‌ر ڕۆژی هه‌ینی ڕێبه‌رانی ناتۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئۆكرانیا ڤیكتۆر یوشچینكۆ كۆبوونه‌وه‌ تا تاوتوێی تێڕوانینی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌ ئه‌ندامبوون له‌ ناتۆدا بكه‌ن.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ڕێـبه‌رانی ناتۆ گوتیان ئۆكرانیا و جۆرجیا ئه‌و ئاماده‌یی‌یه‌یان تیادا نیـیه‌ ده‌ست به‌ پـرۆسه‌ی هاتنه‌ ناو هاوپه‌یمانێتیـیه‌كه‌دا بكه‌ن، به‌ڵام به‌ ڕوونی جه‌ختیشـیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و دوو كۆماره‌ كۆنه‌ی سـۆڤێتی پـێشـوو له‌سه‌ر ڕێی به‌ ئه‌ندامبووندان.

به‌ڕێز یوشچینكۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕووداوێـكی مێژوویی بۆ وڵاته‌كه‌ی و گه‌له‌كه‌ی له‌قه‌ڵه‌م دا.

سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ناتۆ له‌ بوخارست په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا پاوڵا ۆڵفسن له‌ بوخارستی پایته‌ختی ڕۆمانیاوه‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و هاوكارانمان شوان سه‌عید و ئه‌حمه‌د بارزانی به‌ كوردی ئاماده‌یان كردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 2:27 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG