Accessibility links

به‌ریتانیا كشـانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عێراق دواده‌خات

  • Mandy Clark

وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا ڕایگه‌یاند جێبه‌جێـكردنی ئه‌و پـلانانه‌ی دانراون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ باشوری عێراق دواخران، ئه‌وه‌ش پاش هه‌ڵـگیرسـاندنی توندوتیژیـیه‌كانی ئه‌م دوایـیه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری شـاری به‌سـره‌.
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا ماندی كلارك له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوكارانمان شوان سه‌عید و سـمكۆ عه‌زیز به‌ كوردی ئاماده‌یان كردووه‌.

وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا دێز بڕاون به‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی گوت كه‌ كێشـانه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراوی چوار هه‌زار سه‌ربازی به‌ریتانی بنكه‌ له‌ به‌سـره‌ دواكه‌وتووه‌.

" له‌ مانگی 10 ی ڕابردوودا ئێمه‌ پـلانی خۆمان بۆ كێشـانه‌وه‌ی سـوپاكه‌مان له‌ باشوری عێراق ڕاگه‌یاند، به‌ڵام له‌سه‌ر ڕۆشـنایی ڕووداوه‌كانی هه‌فته‌ی ڕابردوو هه‌ر بۆیه‌ كارێـكی ژیرانه‌یه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیاتری هێزه‌كانمان ڕاگرین. هه‌روه‌ها سه‌د ده‌ر سه‌د كارێـكی دروسـته‌ كه‌ فه‌رمانده‌ له‌شـكریـیه‌كان چاو به‌ پـلانه‌كاندا بخشـێـنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌و ده‌مه‌ی بارودۆخی سه‌رزه‌وی ده‌گۆڕێن."

مانگی 10 ی ڕابردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا گۆردن بڕاون پـلانی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی به‌ریتانیای ڕاگه‌یاند له‌ 4100 سه‌ربازه‌وه‌ بۆ 2500 سه‌رباز هه‌تا ئه‌م به‌هاره‌، له‌گه‌ڵ نیشـانه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ ئاینده‌دا.

بڕیاری دواخسـتنی ئه‌و كێشـانه‌وه‌یه‌ به‌هۆی شه‌ڕی ئه‌م دوایـیه‌ی نێوان سـوپای عێراق و میلیشـیای شیعه‌ی لایه‌نگری مه‌لای شیعه‌ی توندڕه‌و موقته‌دا ئه‌لسه‌در هاته‌ كایه‌وه‌. له‌و شه‌ڕه‌دا زیاتر له‌ 1000 كه‌س كوژران و پاشـان ئارامی هاته‌ گۆڕێ دوای ڕێـكـكه‌وتنی هه‌ردوولایان له‌سه‌ر ئاگربه‌ست له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا.

له‌ گه‌رمه‌ی ئه‌و شـه‌ڕه‌دا هێزه‌كانی به‌ریتانیا و ئه‌مریكا بۆ پـشـتیوانی له‌ هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراق بانگ كرابوون.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری ئه‌لمالیكی له‌ به‌غداوه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كان سه‌ركه‌وتوو بوون و بڕیاره‌ 10 هه‌زار سه‌رباز و پـۆلیسی زیاتر وه‌رگیرێن بۆ پاراسـتنی قانون له‌و شـاره‌ی باشوری عێراقدا.

له‌ له‌نده‌ن سه‌رۆك وه‌زیران گۆردن بڕاون گوتی به‌ریتانیا هه‌ر ڕۆڵێـكی كاریگه‌ر ده‌بینێت سه‌باره‌ت به‌ پـشـتیوانیكردنی هێزه‌كانی عێراق.

" ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هاوڵاتیـیانی عێراقی به‌ تایبه‌ت هێزه‌كانی عێراقی به‌رپـرسـیارێتی پاراسـتنی وڵات بگرنه‌ ده‌سـتی خۆیان و هه‌روه‌ها شـیانی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین مه‌شـق و ڕاهێنان به‌ 30 هه‌زار له‌ هێزه‌كانی له‌شـكری عێراقی له‌ باشوری وڵات پـیاده‌بكرێت."

وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا هیچ واده‌یه‌كی دیاریكراوی نه‌خسـته‌ ڕوو سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی دواخسـتنی كێشـانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی به‌ریتانیا.، به‌ڵام كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی عێراق بته‌وبن و باری ئاسایش له‌ به‌سـره‌ به‌ره‌و باشی بڕوات ئه‌وا سه‌ربازه‌كانی به‌ریتانیا ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵات.

XS
SM
MD
LG