Accessibility links

نوری ئه‌لمالیكی ڕایگه‌یاند ئۆپه‌راسـیۆنه‌ له‌شـكریـیه‌كه‌ی به‌سـره‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌


سه‌رۆك وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالیكی ده‌ڵێت ئه‌و ئۆپه‌راسـیۆنه‌ له‌شـكریـیه‌ی له‌ شـاری به‌سـره‌ له‌ دژی میلیشـیا شیعه‌كان به‌ڕێوه‌چوو سه‌ركه‌وتوو بووه‌.

هه‌روه‌ها به‌ڕێز نوری ئه‌لمالیكی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ گوتیشی ئۆفیسه‌كه‌ی 10 هه‌زار سه‌ربازی تر داده‌مه‌زرێنێت و هه‌نگاوی پـێویست ده‌نێت بۆ باشـكردنی خزمه‌تگوزاریـیه‌ حكومیـیه‌كان له‌و شـاره‌دا.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كاربه‌ده‌سـتانی عێراق ده‌ڵێن ئه‌م شه‌ڕانه‌ی دوایی كه‌ له‌ نێوان میلیشـیا شیعه‌كان و هێزه‌كانی ئاسایش ڕوویان دا وایان كرد مانگی سێ بـبێته‌ كوشـنده‌ترین مانگ بۆ عێراقیـیه‌كان له‌وه‌تای مانگی هه‌شـتی 2007 وه‌.

تێـكڕای ئه‌و ژمارانه‌ی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگری و ته‌ندروسـتی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ نیشـانی ده‌ده‌ن نزیكه‌ی 1079 عێراقی سڤیل و ئه‌ندامانی هێزی ئاسایش له‌ مانگی سێدا كوژراون. ئه‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ی دوو ئه‌وه‌نده‌ی زیانه‌ گیانیـیه‌كانی عێراقیـیه‌كانه‌ كه‌ له‌ مانگی دوودا تۆماركراوه‌.

به‌پێی ئاماره‌كان نزیكه‌ی 923 هاوڵاتی سڤیل له‌ مانگی سێدا كوژراون، به‌ لایه‌نی كه‌م 400 یان له‌ شه‌ڕه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌ی دواییه‌دا كوژراون كه‌ له‌ نێوان میلیشـیاكانی مه‌لای توندڕه‌وی شیعه‌ موقته‌دا ئه‌لسه‌در و هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراقی و هاوپه‌یمانان له‌ به‌غدا و شـاری به‌سره‌ ڕوویان دا.

XS
SM
MD
LG