Accessibility links

حكومه‌تی دوره‌ وڵاتی تبت ده‌ڵێت زیاتر له‌ 19 كه‌س له‌ خۆپـیشـاندانه‌كانی ئه‌م دوایـیه‌دا گولـله‌باران كراون


حكومه‌تی دوره‌ وڵاتی تبت له‌ هیندسـتان ده‌ڵێت له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا له‌ ئاكامی توندوتیژی به‌لای كه‌م 99 كه‌س كوژران له‌ ناویاندا 19 هاوڵاتی تبت كه‌ ده‌رئه‌نجامی سه‌رهه‌ڵـدانی سه‌رله‌نوێی خۆپـیشـاندان له‌ هه‌رێمی گانسووی ڕۆژئاوای چین له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشـه‌وه‌ كوژران.

له‌و باره‌یه‌وه‌ گه‌واهیده‌ران له‌و هه‌رێمه‌ ده‌ڵـێن هێزه‌كانی پـۆلیس شه‌قام و ڕێـگا و بانه‌كانیان داخسـتووه‌ پاش ئه‌وه‌ی پـیاوانی ڕه‌به‌نی ئاینی بوذی و خه‌ڵـكانی تری تبت ڕێپـێوانیان له‌و هه‌رێمه‌ ئه‌نجام دابوو.

گه‌واهیده‌ران به‌ ڕادیۆی ده‌نگی ئه‌مریكایان ڕاگه‌یاند كه‌ به‌ لایه‌نی كه‌م 12 كه‌س كوژراون. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارێتی چین تا ئێسـتا مردنی 13 كه‌سی بێ تاوان پـشـتڕاست كردۆته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ئاكامی خۆپـیشـاندانی توندوتیژاوی ڕۆژی هه‌ینی له‌ لهاسای پایته‌ختی هه‌رێمی تبت گیانیان له‌ده‌سـتداوه‌ وه‌كو خۆیان ده‌ڵـێن.

هاوكات ڕۆژی سێشه‌ممه‌ دووباره‌ چین وه‌باڵی توندوتیژی خسته‌ ئه‌سـتۆی ڕێبه‌ری باڵای دوره‌ وڵاتی تبته‌كان دالای لاما ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژی سێشه‌ممه‌ به‌ڵێنی ده‌سـت له‌كاركێشـانه‌وه‌ی دا وه‌كو پـێشه‌وای حكومه‌تی تبت له‌ دوره‌ وڵات ئه‌گه‌ر ڕه‌وشه‌كه‌ به‌ره‌و خراپـتر بڕۆات.

دالای لاما گوتیشی پابه‌ندبوونی به‌ ئاشتیـیه‌وه‌ پـێویسـتی به‌ ده‌ست له‌كاركێشـانه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز له‌ سه‌رچاوه‌ی ته‌له‌فیزیۆنی سه‌ر به‌ وڵاتی چین ڕایگه‌یاند كه‌ نزیكه‌ی 100 له‌ به‌شـداربووانی خۆپـیشـاندانی هه‌فته‌ی ڕابردوو خۆیان داوه‌ته‌وه‌ ده‌سـت ده‌سه‌ڵاتدارێتی وڵات.

XS
SM
MD
LG