Accessibility links

له‌ شه‌ڕ و پـێـكدادانێـكدا له‌ شـاری كوتی باشوری عێراق 2 كه‌س ده‌كوژرێن


له‌ میانه‌ی شه‌ڕ و پـێـكدادانی ڕۆژی شه‌ممه‌ی نێوان هێزه‌كانی پـۆلیسی عێراقی و ملیشـیا شـیعه‌كان له‌ شـاری كوتی باشوری عێراق 2 كه‌س كوژراون كه‌ یه‌كێـكیان پـۆلیسه‌.

میلیشـیا شـیعه‌كان ئه‌ندامانی سـوپای مه‌هدین ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن موقته‌دا ئه‌لسه‌دری مه‌لای توندڕه‌وی شـیعه‌ ئاینزا ڕابه‌رایه‌تی ده‌كرێت. له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی ده‌ڵێن شه‌ڕ و پـێـكدادانه‌كه‌ له‌و ده‌مه‌دا هه‌ڵـگیرسـا كاتێـك پـۆلیسی عێراقی به‌ پاڵـپـشـتی سـوپای ئه‌مریكایی گه‌مارۆی دوو ناوچه‌ی شـاری كوتیان دا ئه‌وه‌ی به‌ قه‌ڵای سـوپای مه‌هدی ده‌ناسـرێن.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ به‌هۆی شه‌ڕ و پـێـكدادانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ی دوایی نێوان میلیشـیا شـیعه‌كان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمان له‌ شـاری كوت پـتر له‌ 10 كه‌س كوژراون. وێڕای ئه‌وه‌ی موقته‌دا ئه‌لسه‌دری ڕابه‌ری سـوپای مه‌هدی له‌م دوایـیه‌دا په‌یمانی ئاگربه‌سـتی بۆ ماوه‌ی 6 مانگ درێژكرده‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا هه‌ندێـك له‌ هێزه‌كانی ئه‌م سـوپایه‌ی له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی موقته‌دا ئه‌لسه‌در ده‌رچوون.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌رپـرسـانی له‌شـكری ئه‌مریكایی ده‌ڵێن هێرشـبه‌رێـكی خۆكوژ له‌ بازگه‌یه‌كی پـشـكنین له‌ ناوچه‌ی ڕه‌بیعه‌ی نزیـك سـنووری سـوریا خۆی ته‌قاندۆته‌وه‌ و له‌ ئاكامدا وه‌رگێڕێـكی زمانه‌وانی كوژراوه‌ و 6 كه‌سیش برینداربوون.

له‌ به‌غداشه‌وه‌ په‌یامنێری به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سـروه‌ عه‌بدولواحد ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و تیایدا ده‌ڵێت له‌ پارێزگای ئه‌نبار یه‌كێـك له‌ سه‌رۆك هۆزه‌كان ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌وا ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ دوا مۆڵه‌ت ده‌بێت بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ تا خۆی هه‌ڵـبوه‌شـێنێـته‌وه‌.
ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ئه‌و ڕاپـۆرته‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 2:13 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG