Accessibility links

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای هاوكاری و پـشـتگیری له‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌كات

  • Daniel Schearf

به‌ر له‌ ده‌ستپـێـكردنی كۆنفرانسی په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌ب له‌ هه‌ولێر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای له‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب كرد باشـتر پـشـتیوانی له‌ وڵاته‌كه‌ی بكه‌ن. له‌وه‌تای عێراق به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكاوه‌ داگیركراوه‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب ئاماده‌ نه‌بوون پـشـتیوانی دیپـلۆماتی له‌ به‌غدا بكه‌ن.
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا دانیال شـێرف له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوكارمان حه‌یده‌ر كه‌ریم به‌ كوردی ئاماده‌ی كردووه‌

مه‌حمود ئه‌لمه‌شـهه‌دانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی پـێشـوازی له‌ نوێنه‌رانی په‌رله‌مانانی عه‌ره‌ب كرد كه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ گه‌یشـتنه‌ شـاری هه‌ولێری باكوری عێراق.

شـانده‌كانی زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب له‌ هه‌ولێرن بۆ به‌شـداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سـاڵانه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌ب له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ بۆ باسـكردنی مه‌سه‌له‌كانی كه‌ گرنگی هاوبه‌شـی هه‌یه‌.

مه‌شـهه‌دانی وتی میوانداریـكردنی كۆنفرانسـه‌كه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی كوردسـتانی عێراق، به‌وانه‌ی كه‌ حه‌ز له‌ عێراقی نوێ ناكه‌ن نیشـاندا كه‌ ئه‌و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌. ناوبراو داوای له‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب كرد پـشـتیوانی زیاتر بۆ حكومه‌تی نوێی عێراقی نیشـان بده‌ن.

مه‌شـهه‌دانی ده‌ڵێت داوا له‌ هه‌موو وڵاتانی ئاماده‌بوو ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن كه‌ برا عه‌ره‌به‌كانمانن پابه‌ندی خۆیان بۆ پـشـتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری یه‌كێتی خاك و سه‌لامه‌تی عێراق ده‌ربڕن.

زۆر له‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب ئه‌وه‌یان ڕه‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی دیپـلۆماتی ته‌واویان له‌گه‌ڵ عێراقی پاش سه‌دام حسێن هه‌بێت.

ڕێبه‌رانی عێراقی ماوه‌یه‌كه‌ داوایان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب كردووه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌یان وه‌ك حكومه‌تێـكی ڕه‌وا قبوڵ بكه‌ن و ده‌ست به‌ په‌یوه‌ندی ئاسایی دیپـلۆماتی بكه‌نه‌وه‌.

مه‌شـهه‌دانی سـوپاسی به‌حرێنی كرد بۆ پـشـتیوانیـیه‌ دیپـلۆماتیـیه‌كه‌ی.

مه‌شـهه‌دانی ده‌ڵێت نیـگه‌رانی ئاسـایشی هه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی ڕێـگاگرتن له‌ كردنه‌وه‌ی باڵـیۆزخانه‌كان له‌ عێراق. به‌ڵام به‌حرێن باڵـیۆزخانه‌ی خۆی له‌ عێراق كردۆته‌وه‌ و له‌ ڕووی دیپـڵۆماتیـیه‌وه‌ چالاكه‌ و ئێمه‌ ســوپاسی ئه‌و چالاكیـیه‌ی ده‌كه‌ین به‌ تایبه‌تی له‌ بواری یارمه‌تیـدانی پـرۆسه‌ی ئاشـتبوونه‌وه‌ی نیشـتمانی و یارمه‌تیدانی ڕژێمی نوێی عێراقی.

هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌ب جگه‌ له‌ لیبیا له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ی هه‌ولێر به‌شـداری ده‌كه‌ن. لیبیا بڕیاری داوه‌ به‌شـداری نه‌كات وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕینێـك بۆ ئاماده‌بوونی له‌شـكری وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ ڕه‌وشی عێراق و ڕه‌وشی ناو خاكی فه‌له‌سـتینـیـیه‌كان و لوبنان و سـودان و سـۆماڵیا خاڵی سه‌ره‌كی بن له‌ به‌رنامه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌دا.

XS
SM
MD
LG