Accessibility links

سه‌رۆكی عێراق خوازیاری په‌یوه‌ندیـیه‌كی سـتراتیژی و پته‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركیا


سه‌رۆكی عێراقی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ هاوتا توركیـیه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند به‌غدا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیـیه‌كی سـتراتیژی و پـته‌و له‌گه‌ڵ توركیا بونیاد بكات.

به‌ڕێز تاڵه‌بانی ڕۆژی هه‌ینی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیاوه‌ ئه‌م وته‌یه‌ی له‌ كۆنفرانسـێـكی ڕۆژنامه‌گه‌ری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌بدوڵڵا گول ڕاگه‌یاند. به‌ڕێز تاڵه‌بانی به‌ربه‌یانی ڕۆژی هه‌ینی گه‌یشـته‌ شـاره‌كه‌ كه‌ به‌ یه‌كه‌مین سه‌ردانی بۆ توركیا وه‌ك سه‌رۆكی عێراق دائه‌نرێت.

سه‌رۆكی توركیا گول گوتی سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێز تاڵه‌بانی زۆر بۆ ئاشـتی هه‌رێمه‌كه‌ گرنگه‌.

هه‌ردوولایان هه‌وڵ ده‌ده‌ن گرژیـیه‌كان هێور بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ مانگی ڕابردووه‌وه‌ زیادیكردووه‌ به‌هۆی له‌شـكركێشی توركیا بۆ سه‌ر پارتی كرێكارانی كوردسـتان و یاخود په‌كه‌كه‌ له‌ ناو باكوری عێراقدا. به‌غدا ڕه‌خنه‌ی له‌ هێرشه‌ ئاسـمانی و زه‌میـنیـیه‌كان گرت و به‌ پـێشـێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق ناوی‌برد.

به‌ڕێز تاڵه‌بانی گوتی به‌غدا فه‌رمانی داوه‌ به‌ حكومه‌تی كوردسـتانی عێراق فشـاری زیاتر بكه‌نه‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ بۆ داماڵینی چه‌كه‌كانیان.

سه‌باره‌ت به‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی عێراق بۆ توركیا په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا دۆریان جۆنز له‌ ئسـته‌نبوڵه‌وه‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و هاوكارمان جانی دیلان به‌ كوردی ئاماده‌ی كردووه‌ و ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 2:46 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG