Accessibility links

سه‌ربازێـكی ئیسـرائیلی له‌ ته‌قـینه‌وه‌یه‌كدا له‌ نزیـك غه‌ززه‌ ده‌كوژرێت


له‌شـكری ئیسـرائیلی ده‌ڵێت ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێـك به‌ ڕووی ماشـێـنێـكی سه‌ربازیـیان له‌ نزیـك كه‌رتی غه‌ززه‌ سه‌ربازێـكی ئیسـرائیلی كوژراوه‌ و هه‌روه‌ها سـیانیش برینداربوون.

گروپـی میلیشـیای جیهادی ئیسـلامی به‌رپـرسـیارێـتی ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌یان خسـتۆته‌ ئه‌سـتۆی خۆیان.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كارمه‌ندانی پـزیشـكی فه‌له‌سـتینی ڕایانگه‌یاند له‌ ئه‌نجامی هێرشـێـكی ئیسـرائیلی له‌ باكوری غه‌ززه‌ میلیشـیایه‌كی فه‌له‌سـتینی كوژراوه‌. هاوكات ئیسـرائیل هیچ ئاماژه‌ و تێبینی‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ هێرشـه‌كه‌ ڕانه‌گه‌یاند.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ به‌رپابوونی ئه‌م توندوتیژیـیه‌ نوێـیه‌ی ناوچه‌كه‌ دوابه‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی كۆنده‌لیزا ڕایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكایه‌ بۆ هه‌رێمه‌كه‌ كه‌ تیایدا خانم ڕایس به‌ڵـێنی ڕابه‌رانی ئیسـرائیلی و فه‌له‌سـتینی بۆ وه‌گرخسـتنه‌وه‌ی وتووێـژه‌كانی ئاشتی نێوان هه‌ردوولای به‌ده‌سـتهێناوه‌.

مه‌حمود عه‌باسی سه‌رۆكی فه‌له‌ستینی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو وتووێـژه‌كانی ئاشـتی ڕاگرت، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌ دژی هێرشـێـكی ئیسـرائیلی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ كه‌ تیایدا پـتر له‌ 120 چه‌كداری فه‌له‌سـتینی و هاوڵاتیـیانی سڤیل بوونه‌ قوربانی.

له‌ پـێشـهاته‌یه‌كی دیدا، هاوبه‌ندی گروپه‌كانی كۆمه‌كی به‌ریتانی ده‌ڵێن گوزه‌رانی هاوڵاتیـیانی كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ ڕه‌وشێـكی هه‌ره‌ خراپـدایه‌ له‌و ده‌مه‌وه‌ی كه‌ ئیسرائیل پـتر له‌ 40 سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ یه‌كه‌م جار ناوچه‌كه‌ی داگیركردبوو.

XS
SM
MD
LG