Accessibility links

هێله‌ری كلنتن و باراك ئۆباما بێ وچان له‌ هه‌وڵی به‌ده‌سـتهێنانی پـشتیوانی زیاترن

  • Jim Malone

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕۆژێـكی گرنگه‌ له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا، ئه‌ویش به‌هۆی پـێشـبڕكێی هه‌ردوو كاندیدی دیموكرات باراك ئۆباما و هێله‌ری كلـنتن له‌ چوار سـتاندا. هه‌روه‌ها جۆن مه‌ككه‌ینی كۆماریش له‌ لێواری ئه‌وه‌دایه‌ له‌ لایه‌ن پارته‌كه‌یه‌وه‌ بۆ پـۆسـتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌سـتنیشـان بكرێت.
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا جێم مه‌ڵۆن له‌ واشـنتۆنه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی ئاماده‌كردووه‌ و هاوكارانمان هێرۆ زه‌نگه‌نه‌ و به‌ڵێن سـاڵح وه‌ریانگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ ویلایه‌ته‌كانی ئۆهایۆ و ته‌كسـاس و ڤێرمۆنت و ڕۆد ئایله‌ند هه‌ڵـبژاردنی به‌رایی ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌م هه‌ڵـبژاردنانه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یه‌كلایـیكه‌ره‌وه‌بێت له‌ پـێشـبڕكێی به‌ربژاری دیموكراته‌كاندا.

هێله‌ری كلنتن خوازیاره‌ پـێـشبڕكێـكه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ سه‌ره‌كیـیه‌كانی ئۆهایۆ و ته‌كسـاس بباته‌وه‌.

به‌پـێی دواینترین ڕاوه‌رگرتنی گشتی له‌ ئۆهایۆ كلنتن له‌ پـێشـه‌وه‌یه‌ و له‌ ته‌كسـاسیش ئۆباما ڕه‌نگه‌ كه‌مێـك باڵاده‌ستـتربێت.

له‌م ڕۆژانه‌ی دوایـیدا ڕێبازی ده‌ره‌وه‌یی و ئاسایشی نیشـتیمانی بۆته‌ مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كان.

له‌ ئۆهایۆ كلنتن پـشتی به‌ لایه‌نگرانی به‌سـتووه‌ به‌ خسـتنه‌ ڕووی ئه‌زموونه‌كانی خۆی وه‌كو سـیناتۆر و وه‌كو خانمی یه‌كه‌م له‌و كاته‌ی كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بوو.

" كێ داده‌نێت بۆ كۆتایی‌هێنان به‌م شه‌ڕه‌ی عێراق و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌ ته‌له‌فونیـیه‌كان له‌ كاتژمێر 3 ی سه‌رله‌به‌یانیدا له‌ كۆشـكی سـپی؟ په‌یمانتان ده‌ده‌مێ هه‌موو هه‌ست و نه‌ستم بۆ ئێوه‌ به‌كارده‌هێنم و هیوادارم به‌شـداری بكه‌ن و ده‌نگم بده‌نێ و با پـێـكه‌وه‌ مێژوویه‌ك دروسـتبكه‌ین! و ســوپاسـتان ده‌كه‌م!."

له‌ میانه‌ی هه‌ڵـمه‌ته‌كه‌یدا له‌ ته‌كسـاس و ئۆهایۆ ئۆباما گوتی پـشـتیوانی سه‌ره‌تایی كلنتن له‌ شه‌ڕی عێراقدا ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یڵێت ئه‌زموونی باشـتری بۆ بڕیاری له‌ ڕێبازی ده‌ره‌وه‌یی بنكۆڵ ده‌كات.

" تا ئێسـتاش هێله‌ری ته‌نانه‌ت دان به‌وه‌شـدا نانێت ده‌نگدانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ بووه‌، یان ته‌نانه‌ت ده‌نگدان بووه‌ بۆ شه‌ڕ. ئینجا له‌گه‌ڵ بڕیاردان بۆ هێرشـكردنه‌ سه‌ر عێراق هێشـتا هه‌ر چاوه‌ڕوانین گوێمان له‌ سـیناتۆر هێله‌ری كلنتن بێت تا پـێمان بڵێت چ ئه‌زموونێـكی دیاریكراوی سـیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی هه‌یه‌."

ئۆباما بووه‌ به‌ بژاری حزبه‌كه‌ی و پـێشـه‌وایی له‌ به‌ده‌سـتهێنانی نوێنه‌ره‌كان هێناوه‌ و 11 جاری یه‌ك له‌ دوای یه‌ك پـێشـبڕكێی به‌سه‌ر خانم كلنتندا زاڵبووه‌.

دوایـین مه‌زه‌نده‌كانی ئه‌سۆشـێتد پـرێس ئه‌وه‌ی ده‌رخسـتووه‌ كه‌ ئۆباما 1400 نوێنه‌ری به‌ده‌سـتهێناوه‌ و هاوكات خانم كلنتن نزیكه‌ی 1300. له‌ كاتێـكدا 2025 نوێنه‌ر پـێویسـته‌ بۆ به‌ربژاری دیموكراته‌كان.

به‌ لایه‌نی كه‌م یه‌كێـك له‌ دیموكراته‌ پایه‌ به‌رزه‌كان بڕوای وایه‌ دوای ده‌نگدانه‌ به‌رایـیه‌كانی سێشه‌ممه‌ یه‌ك له‌ به‌ربژاره‌كانی دیموكرات ده‌مێنێته‌وه‌. فه‌رمانڕه‌وای نیو مه‌كسـیكۆ بێـڵ ڕیچرسن به‌ پـرۆگرامی Face the Nation ی كه‌ناڵی CBS ی گوت پـێویسته‌ حزبه‌كه‌ی له‌ ده‌وری ئه‌و كاندیده‌ بن كه‌ نوێنه‌ری زیاتر به‌ده‌ستده‌هێنێت.

" پـێویسته‌ له‌ پاش ڕۆژی سـێشه‌ممه‌وه‌ هه‌ڵـمه‌تێـكی پـۆزێتیڤانه‌ی هه‌ڵـبژاردنمان هه‌بێت، ئه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگی نوێنه‌رانی له‌گه‌ڵدا ده‌بێت له‌ پـێشـه‌نگدایه‌ و به‌ بڕوای منیش ده‌بێت بـبێته‌ به‌ربژار. پـێموایه‌ پـێویسـته‌ ئاماده‌بین بۆ جۆن مه‌كـكه‌ینێـكی به‌هێز. له‌ ئێستادا كۆماریـیه‌كان یه‌كگرتوون."

ڕیچرسن له‌ مانگی یه‌كدا له‌ پـێشـبڕكێی دیموكراته‌كان كشـایه‌وه‌، به‌ڵام تائێسـتا بڕیاری نه‌داوه‌ ئۆباما یان كلنتن په‌سه‌ند بكات.

له‌ پـێشبڕكێی كۆماریـیه‌كانیشـدا سـیناتۆر جۆن مه‌ككه‌ین له‌ ئاسـتێـكدایه‌ كه‌ بـبت به‌ به‌ربژاری پارته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌ چوار ویلایه‌تی كه‌ له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ هه‌ڵـبژاردنی به‌رایی لێ ئه‌نجام ده‌درێت.

جۆن مه‌ككه‌ین ئێسـتا له‌ به‌ده‌سـتهێنای 1191 نوێنه‌ر نزیـك بۆته‌وه‌ كه‌ پـێویسته‌ بۆ مسـۆگه‌ركردنی وه‌ك به‌ربژار له‌دژی دوو به‌ربژاری تری حزبه‌كه‌ی فه‌رمانڕه‌وای پـێشـووی ئه‌ركه‌نساس مایك هه‌كه‌بی و سیناتۆری ته‌كه‌سـاس ڕان پاوه‌ڵ.

XS
SM
MD
LG