Accessibility links

ده‌رمانێـك به‌هۆی بوونی مادده‌یه‌كی دروستكراوی چینی تیایدا ده‌بێته‌ كوشـنده‌


زۆر جار وشه‌ی جیهانگیری كه‌ به‌ زاراوه‌یه‌كی ئابوری دێته‌ به‌ر چاو ڕه‌نگه‌ ئه‌م جیهانگیریـیه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروسـتیت هه‌بێت، ئه‌مه‌ش بگره‌ هه‌ر له‌ یاریـیه‌كانی منداڵانی دروسـتكراوی چینی كه‌ كانزای قوڕقوشـمی تێدایه‌ و هه‌روه‌ها خۆراكی گیانداری ماڵی پـیسـبوو كه‌ ئه‌ویش هه‌ر به‌رهه‌می چینیـیه‌.

ئه‌مریكایـیه‌كان ئێسـتا بۆیان ئاشـكراده‌بێت هه‌ندێـك له‌و ده‌رمانانه‌ی به‌كاریده‌هێنن و له‌ لایه‌ن كارخانه‌كانی ده‌رمانسـازی چین به‌رهه‌م ده‌هێنرێت كێشـه‌ی ته‌ندروسـتیان بۆ دروست ده‌كات، به‌ تایبه‌ت یه‌كێـك له‌و ده‌رمانانه‌.

دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ردوو هاوسـه‌ر و كوڕی لیرۆی هه‌بلی گیانیان له‌ ده‌سـتدا و به‌ڕێز هه‌بلی هۆكاری مردنه‌كه‌یان ده‌خاته‌ ئه‌سـتۆی ده‌رمانی ناسـراو به‌ هیپارین كه‌ له‌ میانه‌ی شـتنی گورچیله‌كانیاندا به‌كارهێنرابوو. وا ئێستا دۆزه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ له‌دژی كارخانه‌ی ده‌رمانسـازكار تۆماركردووه‌.

ده‌رمانی هیپارین بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی خوێن به‌كاردێت تاوه‌كو نه‌هێڵێت خۆێن ده‌ڵه‌مه‌ ببێت و یاخود بمه‌یه‌ت. كۆمپانیایه‌كی ده‌رمانسـازی ئه‌مریكایی ده‌رمانی ناوبراو به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام له‌ پـێـكهاته‌ی ده‌رمانه‌كه‌دا مادده‌یه‌ك به‌كارده‌هێنرێت كه‌ چین دروستی ده‌كات و ئه‌و پـێـكهاته‌یه‌ هه‌رگیز له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مریكایی‌یه‌وه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ خانم ڕۆزا دیلارۆی ئه‌ندامی دیموكراتی كۆنگرس ده‌ڵێت وه‌زاره‌تی ناوبراو كه‌ به‌رپـرسـیاره‌ له‌ پاراسـتنی ته‌ندروسـتی گشـتی، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ له‌ لایه‌ن كه‌سـانی نه‌شـاره‌زا و نه‌تواناوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه‌ ئه‌مه‌ش كارێـكی ناپه‌سه‌نده‌.

وه‌زاره‌تی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مریكایی وه‌ك ئه‌ركی یاسایی ده‌بێت هه‌ر دوو سـاڵ جارێـك سه‌ردان به‌ مه‌به‌سـتی پشـكنین و چاودێریـكردنی له‌ نزیكه‌وه‌ی كارخانه‌كانی ده‌رمانسـازی ئه‌مریكایی بكات، به‌ڵام نه‌ك به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ بۆ كارخانه‌كانی بیـانی.

سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ په‌یامنێری به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریكا كارڵ پـێرسن له‌ واشـنتنه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی ڤیدیۆیی ئاماده‌كردووه‌ و ده‌توانن ته‌ماشـای بكه‌ن له‌ ڕێـگه‌ی ئه‌و فایله‌ ڤیدیۆیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 2:34 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG