Accessibility links

ڕێبه‌رانی كوردی عێراق هۆشـداری به‌ توركیا ده‌ده‌ن


سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردسـتان هۆشـداری توركیای داوه‌‌ به‌وه‌ی خه‌ڵـكی سـڤیل نه‌كاته‌ ئامانج له‌ میانه‌ی كرده‌وه‌ له‌شـكریـیه‌كانیدا له‌ باكوری عێراق، وه‌ ده‌ڵێت توركیا ڕووبه‌ڕووی به‌رگریـیه‌كی به‌رفراوان ده‌بێت ئه‌گه‌رهاتوو زیان به‌ خه‌ڵـكی سڤیل كه‌وت.

مه‌سـعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردسـتان ڕۆژی شه‌ممه‌ گوتی هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌رێم خۆیان هه‌ڵـناقورتێـنن له‌ شه‌ڕی نێوان توركیا و په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ سه‌ر خاكی باكوری عێراق هه‌ڵـگیرسـاوه‌. به‌ڵام هۆشـداری دا به‌وه‌ی خه‌ڵـكی سڤیل و ژێرخانی هه‌رێمه‌كه‌ نه‌كرێنه‌ ئامانج.

له‌وه‌ته‌ی له‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌وه‌ هێرشی زه‌مینی توركیا ده‌سـتیـپـێكردووه‌ هیچ ڕاپـۆرتێـك و هه‌واڵـێـك باسی له‌ به‌ركه‌وتنی خه‌ڵـكی سڤیل نه‌كردووه‌. به‌ڵام وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هۆشـیار زێباری ده‌ڵێت له‌شـكری توركیا 5 پـردی تێـكشـكاندووه‌.

له‌شـكری توركیاش ده‌ڵێت له‌ میانه‌ی ئه‌م كردووه‌ له‌شـكریـیانه‌ی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ئه‌نجامدراون 7 سه‌ربازی تورك و به‌ لایه‌نی كه‌م 79 سه‌رهه‌ڵـداوی كورد كوژراون.

پارتی كرێـكارانی كوردسـتانیش ده‌ڵێت 20 سه‌ربازی تورك كوژراون.

لێدوانه‌كانی هه‌ردوولایان پـشـتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكاش ڕۆبه‌رت گه‌یتس ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ گوتی ئه‌و هیواداره‌ ئه‌م ئۆپه‌راسـیۆنه‌ له‌شـكریـیه‌ی توركیا كورت خایه‌ن بێت و به‌ وردی و بێ هه‌ڵه‌ ئه‌نجام‌بدرێت.

سه‌باره‌ت به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردسـتان بۆ توركیا په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ شـاری هه‌ولێر دانیال شێرف ڕاپۆرتێـكی ناردووه‌ و هاوكارمان خالید فه‌تاح وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 3.05 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG