Accessibility links

سه‌رۆك وه‌زیری توركیا ده‌ڵێت ئۆپه‌راسـیۆنه‌ له‌شـكریـیه‌كان به‌رده‌وامده‌بێت تا به‌ ئامانجه‌كانیان ده‌گه‌ن

  • Dorian Jones

كاربه‌ده‌سـتانی له‌شـكری توركیا ده‌ڵێن له‌و ده‌مه‌وه‌ی له‌ ده‌رنگانی شه‌وی پـێـنجشه‌ممه‌وه‌ هێرشی زه‌مینی سـوپاكه‌یان بۆ نێو خاكی باكوری عێراق ده‌ستیپـێـكردووه 5 سـه‌رباز و به‌ لایه‌نی كه‌م 44 سه‌رهه‌ڵـداوی كورد كوژراون. ئه‌نكه‌ر پارتی كرێـكارانی كوردسـتان تاوانبار ده‌كات به‌وه‌ی بنكه‌كانیان له‌ باكوری عێراق به‌كارده‌هێنن بۆ هێرشـكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی حكومه‌تی توركیا.
له‌م باره‌یه‌وه‌ په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا دۆریان جۆنز له‌ ئسـته‌نبوڵه‌وه‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و هاوكارمان به‌ڵـێن سـاڵح به‌ كوردی ئاماده‌ی كردووه‌.

هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی توركیا به‌ پـشتیوانی فڕۆكه‌ جه‌نگیـیه‌كان و هه‌لیـكۆپـته‌ر به‌رده‌وامبوون له‌ ئۆپه‌راسـیۆنه‌ له‌شـكریـیه‌كه‌یان بۆ سه‌ر بنكه‌كانی پارتی كرێـكارانی كوردسـتان په‌كه‌كه‌ له‌ باكوری عێراق.

له‌ ڕاگه‌یاندنێـكدا له‌شـكری توركیا ده‌ڵێت به‌لانی كه‌م 44 سه‌رهه‌ڵـداوی كورد و 5 سه‌رباز له‌م شه‌ڕه‌دا كوژراون. په‌كه‌كه‌ش ده‌ڵێت 20 سه‌ربازی تورك له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا كوژران.

ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ جۆراوجۆرانه‌ ناشـێت له‌ لایه‌كی سه‌ربه‌خۆوه‌ پـشتڕاست بكرێته‌وه‌ به‌هۆی سه‌ختی ئه‌و ناوچه‌ شـاخاویـیه‌ و هه‌روه‌هاش به‌رش و بڵاوی دانیشـتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی لێـبووه‌.

له‌ ڕاگه‌یاندنێـكدا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیری توركیا ده‌ڵێت ئه‌و هێرشه‌ له‌شـكریـیه‌ی توركیا ئامانجێـكی سـنوورداری هه‌یه‌.

سه‌رۆك وه‌زیری توركیا ده‌ڵێت ئه‌م ئۆپه‌راسـیۆنه‌ بۆ پاراسـتنی گه‌لی توركیایه‌ و ده‌شڵێت هه‌ر كه‌ له‌شـكری توركیا به‌ ئامانجی خۆی گه‌یشت له‌ له‌ناوبردنی پـشتیوانیـكردنی په‌كه‌كه‌ ئه‌وجا هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كان ده‌كشـێـنه‌وه‌.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ لـێـدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌شی به‌وه‌ كردووه‌ به‌ر له‌ ده‌سـتكردن به‌و هێرشه‌ له‌شـكریـیه‌ سه‌رۆك بوشی ئاگاداركردۆته‌وه‌.

له‌سه‌ر ئۆپه‌راسـیۆنه‌كه‌ش هیچ زانیاریـیه‌ك له‌سه‌ر قه‌باره‌ی ئه‌و هێرشه‌ یان ماوه‌كه‌ی چه‌ند ده‌بێت به‌ شـێوه‌یه‌كی فه‌رمی نه‌دراوه‌، به‌ڵام ڕاپـۆرته‌كانی میدیای توركیا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌. نزیكه‌ی 10 هه‌زار سه‌ربازی تورك چوونه‌ته‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یاندنێـكی له‌شـكریدا كه‌ له‌سه‌ر ماڵـپه‌ڕه‌كه‌ی له‌شـكری توركیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ میدیا توركیا گرتووه‌ به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌ڵێت ئه‌و ژماره‌یه‌یان زۆر گه‌وره‌ كردووه‌ و ئاماژه‌ش به‌وه‌ كراوه‌ تیایدا ئه‌و گه‌وره‌كردنی ژماره‌یه‌ بۆته‌ مایه‌ی ئاڵۆزكردنێـكی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر توركیا.

هه‌روادێت و فشـاره‌كان بۆ سه‌ر توركیا زیاده‌كات به‌هۆی نیگه‌رانی له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م هێرشانه‌ ده‌شـێت بـبنه‌ مایه‌ی نائارامی له‌ عێراقدا. كۆنده‌لیزا ڕایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا داوای ئاگاهی كردووه‌.

" سه‌قامگیری و به‌ره‌و پـێشـچوون بۆ‌ عێراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركیادایه‌ و بۆیه‌ پـێویسـته‌ هه‌موو لایه‌ك ئه‌و له‌ بیری خۆیدا دابنێت نابێت هیچ شـتێـك بكرێت بـبێته‌ مایه‌ی نائارامی له‌ ناوچه‌كه‌ یان په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری كێشـه‌كان له‌ عێراق."

هه‌رچی توركیایه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و ئۆپه‌راسـیۆنه‌ پـێویسـته‌ به‌ر له‌ هێرشی چاوه‌ڕوانكراوی ئه‌م به‌هاره‌ له‌ لایه‌ن سه‌رهه‌ڵـداوانی كورده‌وه‌ بكرێت. ئه‌نكه‌ره‌ ده‌ڵێت نزیكه‌ی 3 هه‌زار په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی نیمچه‌ خودموختاری كورده‌كان له‌ باكوری عێراقن و وه‌ك بنكه‌ به‌كاری‌ده‌هێنن بۆ هێرشـكردنه‌ سه‌ر توركیا.

له‌ سـاڵی 1984وه‌ په‌كه‌كه‌ شه‌ڕ بۆ ئۆتۆنۆمی ده‌كات له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیادا كه‌ زۆربه‌ی دانیشـتوانه‌كه‌ی كوردن. له‌ پایزی ڕابردوودا به‌هۆی هێرشی جیاجیای په‌كه‌كه‌وه‌ نزیكه‌ی 50 سه‌ربازی توركیا كوژران. تا ئێستا ئۆپه‌راسـیۆنه‌كانی توركیا دژی سه‌رهه‌ڵـداوان به‌ گشتی بریتیبوون له‌ هێرشی ئاسـمانی به‌ یارمه‌تی زانیاریـیه‌كانی ئه‌مریكا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ قه‌یرانه‌كه‌ هێزه‌كانی كورده‌كانی عێراقیش بگرێته‌وه‌. كورده‌كانی عێراق هاوپه‌یمانێـكی گرنگی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكان و واش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت فشـاركردن به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر توركیا تا چه‌ندێ بكرێت به‌ زوویی كۆتایی به‌و ئۆپه‌راسـیۆنه‌ی بهێنێت.

XS
SM
MD
LG