Accessibility links

مه‌كـكه‌ین و ئۆباما له‌ ویسـكه‌نسن و سـتانی واشنتن و هاوایی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنن


سـیناتۆری دیموكرات باراك ئۆباما ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ دوو پـێشـبڕكێی تری سه‌رۆكایه‌تی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، به‌وه‌ش 10 سه‌ركه‌وتنی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك بۆ خۆی تۆمار ده‌كات. هاوكات سـیناتۆری كۆماری جۆن مه‌كـكه‌ین به‌رده‌وام بوو له‌ پـێشـڕه‌وی كاندیده‌كانی پارته‌كه‌ی.

هه‌ردووكیان مه‌كـكه‌ین و ئۆباما هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی ویسـكه‌نسنیان برده‌وه‌، به‌وه‌ش مه‌ككه‌ین لێهاتوویانه‌ شـكستی به‌ ڕكابه‌ره‌ كۆماریـیه‌كه‌ی مایك هه‌كه‌بی هێنا . هه‌روه‌ها سـیناتۆری دێرینی ئه‌ریزۆنا له‌ سـتانی واشـنتنی باكۆری ڕۆژئاوای ئه‌مریكا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر هه‌كه‌بیدا هێنا.

باراك ئۆباماش له‌ پاڵ ویسـكه‌نسندا به‌ سـانایش له‌ كۆكه‌سی دیموكراته‌كان له‌ سـتانی ڕه‌سه‌نی خۆی هاوایی له‌ هێله‌ری كلنتنی برده‌وه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا هێشـتا ئۆبامای سـیناتۆری ئیلینۆی له‌ كۆی ده‌نگی نوێنه‌رانی دیموكراته‌كان به‌ بڕێـكی كه‌م له‌ پـێشه‌وه‌یه‌.

جۆن مه‌ككه‌ین كه‌ نزیك بۆته‌وه‌ له‌وه‌ی بۆ خۆی مسـۆگه‌ری بكات بـبێته‌ كاندیدی پارتی كۆماری بۆ پـۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ڕه‌خنه‌ی له‌ ئۆباما گرت و گوتی ئه‌مریكا ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسـیـیه‌وه‌ به‌هۆی كاندیدێـكی بێ ئه‌زموون كه‌ داوای" گۆڕانكاریـیه‌كی بێ مانا ده‌كات."

باراك ئۆباما پاش سه‌ركه‌وتنی له‌ ویسـكه‌نسن له‌ وتارێـكی ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتندا له‌ ته‌كساس دووباره‌ باسی له‌ گۆڕانكاری كرده‌وه‌ و گوتی مه‌كـكه‌ین نوێنه‌رایه‌تی سـیاسه‌ته‌ شـكست خواردووه‌كانی ڕابردوو ده‌كات.

XS
SM
MD
LG