Accessibility links

سـڕبیا داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ په‌سه‌ند نه‌كه‌ن


سه‌رۆكی سـڕبیا به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی گوت ڕاگه‌یاندنی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ كارێـكی ناقانونیـیه‌ و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی سـڕبیا پـێشـێـل ده‌كات. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و داوایه‌ی بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ، وه‌لێ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پـشـتیوانی خۆیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ نوێـیه‌ ده‌ربڕی.
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا مارگرێت به‌شـیر له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوكارمان سه‌ڵاحی پـێرۆتی به‌ زمانی كوردی ئاماده‌ی كردووه‌.

له‌ ماوه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ته‌نگه‌تاوی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ سه‌رۆك كۆماری سـڕبیا بۆریس تادیچ به‌ 15 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی گوت كه‌ به‌ ڕه‌سمی ناسینی سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆ په‌سه‌ندكردنی كردارێـكه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا ڕووداوی پـڕ مه‌ترسی ئه‌وتۆی به‌ دوادابێت. وته‌كانی ناوبراو له‌ ڕێـگای وه‌رگێڕێـكه‌وه‌ ده‌بیسـران.

" ده‌یان كۆسـۆڤۆی جوراوجۆر له‌ جیهاندا هه‌ن و هه‌موویان له‌سه‌ر كرداری جودابوونه‌وه‌ی كۆسـۆڤۆ ڕاوه‌سـتاون. هه‌تا بۆیان وه‌ڕاستگه‌ڕێت وه‌ك ڕه‌وشـتێـكی په‌سه‌ندكراو جێـگیربێت. ئه‌من زۆر به‌ جدی هۆشـداری به‌ ئێوه‌ ده‌ده‌م كه‌ مه‌ترسی زیادبوونی گه‌لێـك كێشـه‌ی ئێسـتا له‌ گۆڕێـكدا ده‌بێت، سه‌رهه‌ڵـدانی كێشه‌ی نوسـتوو و ته‌شـه‌نابوونی كێشه‌ی نوێشی به‌ دوادا ده‌بێت."

سه‌رۆك كۆماری سـڕبیا سه‌رله‌نوێ به‌ڵێنی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێنانه‌ گۆڕی چاره‌سه‌ریـیه‌كی ئاشتیخوازانه‌ و له‌ ڕێـگای دانوسـتاندنه‌وه‌ دووپاتی كرده‌وه‌ و گوتیشی حكومه‌ته‌كه‌ی په‌نا بۆ زۆر نابات. به‌ڵام هه‌ڵوێستی بلگرادیشی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رگێز سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ به‌ ڕه‌سـمی ناناسێت و داوای له‌ سـكرتاریـیای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ هه‌ڵوه‌شـێنێته‌وه‌. به‌ڵام سـكرتێری گشـتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بان كی موون به‌ په‌یامنێرانی گوت كه‌ ئه‌مه‌ بڕیارێـكی سـكرتاریـیه‌ت نیـیه‌.

" ئاماژه‌م پـێـكرد كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ له‌ لایه‌ن چه‌ندین وڵاته‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ و حه‌ز ده‌كه‌م وه‌بیرتان بهێنمه‌وه‌ كه‌ په‌سه‌ندكردنی وڵاتان بۆ وڵاتانه‌ و نه‌ك بۆ سـكرتاریــیای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان."

سـكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ كارێـكی ناقانونیـیه‌، گوتی ئه‌و ناتوانێت بڵێت چ كارێـك قانونیـیه‌ و یان ناقانونی نیـیه‌.

به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسـا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا – سێ له‌ پـێـنج ئه‌ندامانی دائیمی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش-- پـشتیوانی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ ده‌ربڕی. ئه‌و وڵاتانه‌ هۆ هێنانه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری سـڕبیایان په‌سه‌ند نه‌كرد كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ كارێـكی وا ده‌كات وڵاتانی تریش داوای سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن، ده‌ڵێن كۆسـۆڤۆ ئاستێـكی تایبه‌تی هه‌یه‌ چونكه‌ شه‌ڕێـكی خوێناوی له‌ یوگۆسلاڤیای پـێشـوو له‌ نه‌وده‌كاندا سه‌ریهه‌ڵـدا و هه‌روه‌ها مێژووی ئه‌و پاكتاوی نه‌ژادیـیه‌ی كه‌ له‌ كۆسۆڤۆ له‌ دژی زۆرینه‌ی ئه‌لبانی نه‌ژاد ڕوویدا.

سه‌ره‌تای ڕۆژی دووشه‌مممه‌ سه‌رۆك بوش سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆی به‌ ڕه‌سمی ناسـاند و ڕێزی له‌ به‌ڵێنی كۆسـۆڤۆ گرد كه‌ ڕێز له‌ پلانی نێردراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان مارتی ئه‌هتیسـاریس ده‌گرێت كۆسـۆڤۆیه‌كی دیموكراتیـك و فره‌ نه‌ته‌وه‌یی بنیادبنێت.

به‌ڵام ڕوسـیا و چین كه‌ دوو ئه‌ندامی تری دائیمی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانن، به‌رهه‌ڵـستی توندی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ ڕاگه‌یاندنی كۆسـۆڤۆ دا. باڵیۆزی ڕوسـیا ئه‌م كرداره‌ی كۆسـۆڤۆی به‌" هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاشـتی و ئاسایش له‌ باڵكان ناوزه‌دكرد،" له‌ حاڵێـكیشـدا چین داوای كرد مه‌سه‌له‌ی كۆسـۆڤۆ له‌ ڕێـگای وتووێـژه‌وه‌ چاره‌سه‌ربكرێت.

كۆبوونه‌وه‌ی ته‌نگه‌تاوی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ دوای زیاتر له‌ دوو كاتژمێر وتووێـژ كۆتایی پـێهات به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنێـكی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری ڕێـكـبكه‌ون.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سـڕبیا فووك ێرێمیچ له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا و ڕایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌و كاته‌دا داوای له‌ ڕاوێژكاری هه‌موو باڵـیۆزه‌كانی خۆی له‌و پایته‌ختانه‌ ده‌كات كه‌ كۆسـۆڤۆیان به‌ ڕه‌سمی ناسـیوه‌.

كۆسـۆڤۆ له‌ سـاڵی 1999 ی زاینی‌ له‌ ژێر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو، كاتێـك هێرشه‌كانی ئاسـمانی به‌ ڕێبه‌ری ناتۆ سه‌ركوتی بلگرادی بۆ سه‌ر جیاوازیخوازانی ئه‌لبانی ڕاگرت و كارێـكی وایـكرد پاشه‌كشه‌ به‌ هێزه‌كانی ئاسایشی بلگراد له‌ هه‌رێمه‌كه‌ بكات.

XS
SM
MD
LG