Accessibility links

شـاندێـكی عێراق سه‌ردانی ئێران ده‌كات بۆ وتووێـژكردن سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی سـنووری نێوانیان


ئاژانسێـكی هه‌واڵی ئێران ده‌ڵێت شـاندێـكی عێراقی گه‌یشتوونه‌ته‌ تاران بۆ وتووێـژكردنی ناكۆكی درێژخایه‌نی سه‌رسـنووری نێوانیان.

ئاژانسی ISNA ده‌ڵێت ڕۆژی دووشه‌ممه‌ شـاندی دانوسـتاندنی عێراق گه‌یشتنه‌ پایته‌ختی ئێران بۆ وتووێـژكردن له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌سـتانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێراندا.

ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت دانوسـتاندن له‌سه‌ر گۆڕانكاریـیه‌كانی ڕێـكـكه‌وتنی جه‌زائیری سـاڵی 1975 بكه‌ن ئه‌وه‌ی پـێناسی سـنووری نێوان عێراق و ئێران ده‌كات. عێراق و ئێران بۆ ده‌یان سـاڵ ئیدیعای سه‌ره‌وه‌ریـیان به‌سه‌ر قوڕقوڕاگه‌ی شه‌ت ئه‌لعه‌ره‌بدا كردووه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری سـنووری هاوبه‌شـیان و ته‌نها ڕێـگه‌ی ئاوی عێراقه‌ بۆ كه‌نداو.

سه‌ره‌تای ئه‌مسـاڵ حكومه‌تی عێراق ئێرانی تۆمه‌تباركرد به‌ به‌كارهێنانی چاڵه‌ نه‌وتیـیه‌كانی ئه‌و سـنووره‌ و داوای ڕێـكـكه‌وتنـیان كردووه‌ بۆ هاوبه‌شـیـكردنی ئه‌و چاڵه‌ نه‌وتیـیانه‌.

حكومه‌تی ئێران ڕایانگه‌یاندبوو كه‌ هیچ گۆڕانكاریـیه‌ك به‌سه‌ر ڕێـكـكه‌وتنی جه‌زائیردا په‌سه‌ند ناكه‌ن كه‌ له‌ سـاڵی 1975دا له‌ پایته‌ختی جه‌زائیر له‌ لایه‌ن شـای ئێرانه‌وه‌ و جێـگری سه‌رۆكی عێراقی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌دام حسێنه‌وه‌ مۆركرابوو.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ عێراق په‌یامنێری به‌شی كوردی سـروه‌ عه‌بدولواحد له‌ به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و تیایدا ده‌ڵێت تاریق هاشـمی جێـگری سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی حزبی ئیسلامی عێراقی له‌ به‌یانێـكدا ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌وا به‌ره‌كه‌یان به‌ره‌ی ته‌وافوق هێواخواستن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو حكومه‌ت به‌ مه‌رجێـك ئاگاداری به‌رنامه‌ی سـیاسی و پـێـكهاته‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ بن.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 1:38 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG