Accessibility links

وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ فه‌رمی دان به‌ سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆدا ده‌نێت


وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ فه‌رمی دانی به‌ كۆسـۆڤۆدا ناوه‌ وه‌كو وڵاتێـكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ری.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆنده‌لیزا ڕایس له‌ به‌یانـنامه‌یه‌كدا ئه‌مانه‌ی ڕاگه‌یاند و تیایدا خانم ڕایس پـیرۆزبایی له‌ خه‌ڵـكی كۆسـۆڤۆ كرد به‌ بۆنه‌ی ئه‌و "ڕۆژه‌ مێژوویی‌یه‌وه‌" هه‌ر وه‌كو خۆی ناوی برد.

گوته‌كانی خانم ڕایس وه‌كو پـشـتگیری هاته‌ كایه‌وه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوودا. هه‌روه‌ها خانم ڕایس پـێشـوازی له‌ ڕێـكـكه‌وتنی كۆسـۆڤۆ كرد بۆ په‌سه‌ندكردنی ماوه‌یه‌ك له‌ سه‌رپه‌رشـتی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئه‌و هه‌رێمه‌، هه‌روه‌ها ڕایس دۆسـتایه‌تی ئه‌مریكای له‌گه‌ڵ سـڕبسـتاندا دووپاتكرده‌وه‌.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا سه‌رباری به‌رهه‌ڵـستی به‌هێزی سـڕبسـتان و هاوپه‌یمانی دێرینی ڕوسـیا و چین دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ ڕێـگه‌ی له‌ په‌سه‌ندكردنی سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا گرتبوو.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا هاوكاتی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاش له‌ برۆكسـل دێته‌ كایه‌وه‌ بۆ مشـتومڕكردنی سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ. دواتر ئه‌ندامانی یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕایانگه‌یاند كه‌ ئه‌وان كۆكن له‌سه‌ر هاوكاریكردن بۆ سه‌قامگیربوونی ئه‌و هه‌رێمه‌، به‌ڵام ده‌ڵێن هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌ ئازادن له‌ بڕیاری دانـنان به‌ سه‌ربه‌خۆیی كۆسـۆڤۆ.

شـایانی باسه‌ وڵاتانی ئیسـپانیا و قوبڕس و یۆنان و سـلۆڤاكیا و ڕۆمانیا ڕایانگه‌یاند كه‌ له‌م كاته‌دا دان به‌ وڵاتی سه‌ربه‌خۆی كۆسـۆڤۆدا نانێن، به‌ڵام به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسـا و ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا ده‌ڵێن ئه‌وان دان به‌و وڵاته‌دا ده‌نێن له‌ كاتێـكی تردا.

XS
SM
MD
LG