Accessibility links

چه‌كدارێـك 6 خوێندكار و خۆی له‌ زانكۆیه‌كی ئه‌مریكا ده‌كوژێت


ئه‌م چه‌كداره‌ خۆی كردووه‌ به‌ ناو هۆڵێـكی قه‌رباڵغی خوێندندا له‌ زانكۆی نۆرثرن ئیلینۆیز له‌ شـاری دیكاڵب و هه‌ڕه‌مه‌كیـیانه‌ ته‌قه‌ی كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا 5 كه‌سی كوشـووه‌ كه‌ سـیانیان یه‌كسه‌ر له‌ویادا گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌، هه‌روه‌ها 16 ی دیكه‌شی برینداركردووه‌. پاشـان خۆی كوشـتووه‌.

ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی ئه‌مریكایی ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌وا كه‌سێـكی دیكه‌ش به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانی گیانی له‌ ده‌ستداوه‌، به‌وه‌ش ژماره‌ی كوژراوه‌كان ده‌گاته‌ 6 كه‌س.

سه‌رۆكی زانكۆی نۆرثرن ئیلینۆیز جۆن پـیته‌رس ده‌ڵێت ئه‌م كه‌سه‌ تا ئه‌و كاته‌ی له‌ 2007 دا بڕوانامه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌وێ خوێندێتی و پاشـان به‌ره‌و زانكۆیه‌كی دیكه‌ ڕۆیشتووه‌ بخوێنێت. ده‌شڵێت ئه‌وه‌ی ئه‌زانین هیچ ڕابردوویه‌كی خراپی پـێشـتر له‌ لای پـۆلیس تۆمار نه‌كراوه‌.

به‌ڕێز جۆن پـیته‌رس ده‌ڵێت چوار له‌ كوژراوه‌كان كچن.

زانكۆی نۆرثرن ئیلینۆیز كه‌ 25 هه‌زار خوێندكار له‌خۆی ده‌گرێت ڕۆژی هه‌ێنی به‌هۆی ئه‌و ڕووداوه‌ داخرا.

كاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن ئه‌وان هیچ هۆیه‌ك نابین بۆ گرێدانی ڕووداوه‌كه‌ به‌ نووسـینێـك كه‌ له‌ سه‌ر دیواری یه‌كێـك له‌ توالێته‌كانی زانكۆكه‌دا نووسرابوو پاش ڕووداوه‌ هاوشێوه‌كه‌ی سـاڵی ڕابردووی ڤێرجینیا تێك، ئه‌وه‌ی تیایدا 32 خوێندكار و مامۆسـتا كوژران پـێش ئه‌وه‌ی خوێندكاره‌ چه‌كداره‌كه‌ خۆی بكوژێت.

ڕووداوه‌كه‌ی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ی زانكۆی نۆرثرن ئیلینۆیز به‌ لایه‌نی كه‌م خوێندنگای سێهه‌م بووه‌ له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ته‌قه‌كردنی لێ ڕووبدات، به‌ لایه‌نی كه‌م 4 كه‌سیش له‌ ڕووداوه‌كانی تردا كوژراون.

XS
SM
MD
LG