Accessibility links

هێزه‌كانی ئوسـترالیا ده‌ست به‌ گه‌یشتن بۆ تێمۆری ڕۆژهه‌ڵات ده‌كه‌ن


هێزه‌كانی ئوسترالیا ده‌سـتیان به‌ گه‌یشتن بۆ تیمۆری ڕۆژهه‌ڵات كردووه‌ تا له‌وێ یارمه‌تی له‌ ڕاگرتنی باری ئاسایشی بده‌ن، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی دوو ڕێبه‌ری گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاته‌ درا.

نزیكه‌ی 150 پـۆلیس و سه‌ربازی ئوسـترالی له‌گه‌ڵ كه‌شتی جه‌نگی پـێرث ڕوانه‌ی تیمۆری ڕۆژهه‌ڵات كران بۆ به‌هێزكردنی هێزی ئاسایشی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌وێ.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوسـترالیا ستیفن سـمث له‌گه‌ڵ هاوتا تیمۆریـیه‌كه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ داروین بۆ په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند كه‌وا ئه‌و داوایكردووه‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ تیمۆری ڕۆژهه‌ڵات درێژه‌ بكرێته‌وه‌.

بریكاری سه‌رۆكی تێمۆر ڕۆژهه‌ڵات ڤیسێنتێ گه‌تێره‌س بۆ ماوه‌ی 48 كاتژمێر باری نائاسایی له‌ وڵاته‌كه‌یدا ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ میانه‌یدا سـازدانی خۆپیشـاندان و هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌وانه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت.

پـزیـشـكان له‌ ئوسـترالیا هه‌وڵی تیماركردنی سه‌رۆكی تێمۆری ڕۆژهه‌ڵات خۆزێ ڕامۆس هۆرتا ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن ئه‌وان پـێشـبینی ده‌كه‌ن ئه‌و برینانه‌ی سـاڕێژ ببێته‌وه‌‌ كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ ئاكامی هه‌وڵی تیرۆركردنی دووچاری بوو.

پـزیشـكه‌كانی به‌ڕێز خۆزێ ده‌ڵێن ئه‌و به‌ سه‌ختی برینداربووه‌، به‌ڵام باری ته‌ندروسـتی جێـگیره‌. به‌ڕێز خۆزێ دوو یان سێ گولـله‌ به‌ر سـنگ و گه‌ده‌ی كه‌وتووه‌ و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پـێویستی به‌ نه‌شته‌رگه‌ری دیكه‌ش بێت.

XS
SM
MD
LG