Accessibility links

به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبیل له‌ به‌غدا به‌ لایه‌نی كه‌م 19 كه‌س ده‌كوژرێن


هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ڕۆبه‌رت گه‌یتس كۆتایی به‌ سه‌ردانه‌ دوو ڕۆژیـیه‌كه‌ی بۆ عێراق هێنا دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو له‌ به‌غدای پایته‌خت ته‌قیـیه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا به‌ لایه‌نی كه‌م 19 كه‌س كوژران.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ هه‌ردوو ئۆتۆمبیله‌كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا له‌ نزیـك باڵه‌خانه‌یه‌ك‌ ته‌قێنه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكی ئه‌و خێـڵ و هۆزه‌ سـوننانه‌ی دژ به‌ ئه‌لقاعیده‌ لێی كۆده‌بوونه‌وه‌. نزیكه‌ی 40 كه‌سیش له‌ هێرشه‌كه‌دا برینداربوون كه‌ ژماره‌یه‌كیان له‌ پـیاوانی ئه‌و خێڵ و هۆزانه‌ بوون.

له‌ پـێشـهاته‌یه‌كی تردا كاربه‌ده‌ستانی عێراق ده‌ڵێن وزه‌ی كاره‌با له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی باكوری عێراق بڕاوه‌ پاش ئه‌وه‌ی دوو ته‌قینه‌وه‌ زیانی گه‌یاندووه‌ به‌ ژێرخانی وزه‌ی وڵاته‌كه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ لووله‌یه‌كی گازی سـروشتی ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ كه‌ سـووته‌مه‌نی بۆ ویزگه‌یه‌كی كاره‌با له‌ باكوری عێراق دابین ده‌كرد. هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كی وزه‌ی كاره‌بای تریش له‌ شـاری موسـڵ له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێـكی بارهه‌ڵـگری بۆمبڕێژكراو په‌كی كه‌وتووه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ڕۆبه‌رت گه‌یتس ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ به‌غدا گوتی هێشـتا ڕه‌وشی ئاسایشی عێراق ناسـكه‌. گوتیشی ئه‌و پێی باشه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ڕابگیرێت.

XS
SM
MD
LG