Accessibility links

جۆن مه‌كـكه‌ین له‌ پـێشـه‌نگی كۆماریـیه‌كانه‌ و هه‌ردوو كاندیدی دیموكراتیش هێله‌ری كلنتن و  باراك ئۆباما له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن


سـیناتۆری كۆماری جۆن مه‌كـكه‌ین توانی له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی پارته‌كه‌ی له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ناسـراو به‌ سووپه‌ر تویزده‌ی سه‌ركه‌وتنێـكی گه‌وره‌ به‌ده‌سـت بهێنێت، هاوكات هه‌ردوو سـیناتۆری دیموكرات هێله‌ری كلنتن و باراك ئۆباما سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌یان بۆ خۆیان تۆماركرد.

جۆن مه‌كـكه‌ین پـێشه‌نگی كۆماریـیه‌كانی به‌ده‌سـتهێنا به‌ سه‌ركه‌وتنی له‌ 9 سـتاندا، له‌وانه‌‌ سـیانیان له‌و سـتانانه‌ن كه‌ زۆرترین ژماره‌ی دانیشـتووانیان هه‌یه‌ (كالیفۆرنیا و نیویۆرك و ئیلینۆیز). هه‌روه‌ها له‌ سـتانه‌كه‌ی خۆشی (ئه‌ریزۆنا) سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌سـتهێنا له‌گه‌ڵ سـتانه‌كانی كه‌نـنه‌تكت و ده‌له‌وێر و میزۆری و نیو جێرسی و ئۆكلاهۆما.

ڕكابه‌ره‌كه‌شی مت ڕۆمنی له‌ حه‌وت ستانی بچووكدا بردیـیه‌وه‌، له‌وانه‌ ماسه‌چوسـتس ئه‌و سـتانه‌ی كه‌ تیایدا بۆ گه‌ڕێـك وه‌ك فه‌رمانڕه‌وا خزمه‌تی كردووه‌. هه‌روه‌ها له‌ سـتانه‌كانی كۆلۆرادۆ و مینه‌سوتا و مۆنتانا و نۆرث داكۆتا و یوتا و ئه‌لاسـكاش سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.

فه‌رمانڕه‌وای پـێشووش مایك هه‌كه‌بی توانی له‌ 5 سـتاندا له‌ پـێشه‌وه‌بێت، سـتانه‌كه‌ی خۆی ئه‌ركه‌نسـاس و له‌گه‌ڵ ئه‌له‌باما و جۆرجیا و تێنسی و وێست ڤێرجینیا.

هاوكات له‌ پـێشـبڕكێی دیموكراته‌كانیش هه‌ردوو سـیناتۆر هێله‌ری كلنتن و باراك ئۆباما له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیـك بوون و هیچ كامیان وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌رنه‌كه‌وت.

هێله‌ری كلنتن له‌ هه‌شت ستاندا بردیـیه‌وه‌، له‌وانه‌ سـتانه‌ سه‌ره‌كیـیه‌كانی وه‌ك كالیفۆرنیا و نیویۆرك (ئه‌و سـتانه‌ی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات له‌ ئه‌نجومه‌نی سینات). هه‌روه‌ها له‌ سـتانه‌كانی ئه‌ریزۆنا و ئه‌ركه‌نسـاس و ماسـه‌چوسـتس و نیوجێرسی و ئۆكلاهۆما و تێنسی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌سـتهێنا.

باراك ئۆباماش توانی له‌ 13 سـتاندا سه‌ربكه‌وێت، به‌ تایبه‌تی له‌ سـتانی جۆرجیا و هه‌روه‌ها سـتانه‌كه‌ی خۆی ئیلینۆیز كه‌ ئه‌نجامه‌كانیان سه‌رنج ڕاكێش بوون، له‌ پاڵ ئه‌م دوو سـتانه‌ له‌ ئه‌له‌باما و كۆلۆرادۆ و كه‌نـنه‌تكت و ده‌لوێر و ئایده‌هۆ و كه‌نسـاس و مینه‌سوتا و میزوری و نۆرث داكۆتا و یوتا و ئه‌لاسـكاش سه‌ركه‌وت.

هێشـتا جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌ سـتانی نیو مه‌كسـیكۆ له‌ باشوری ڕۆژئاوای وڵات ته‌واو نه‌بووه‌.

سه‌باره‌ت به‌م ده‌نگدانانه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ جێم ماڵۆن په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ واشـنتۆن ڕاپـۆرتێكی ئاماده‌كردووه‌ و هاوكارمان به‌ڵێن سـاڵح وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 4 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG