Accessibility links

فڕۆكه‌ جه‌نگیـیه‌كانی توركیا شوێنی سه‌رهه‌ڵـداوانی كورد له‌ باكوری عێراق بۆردومان ده‌كه‌ن


كاربه‌ده‌ستانی ئاسایشی عێراقی ده‌ڵێن فڕۆكه‌ جه‌نگیـیه‌كانی توركیا سێ گوندیان له‌ باكوری عێراق بۆمباران كردووه‌، ئه‌و گوندانه‌ی توركیا ده‌ڵێت بنكه‌ی سه‌رهه‌ڵداوانی كوردی په‌كه‌كه‌ی تێدان.

له‌و باره‌یه‌وه‌ لـێـپـرسـراوانی عێراقی گوتیان هێرشـه‌ ئاسمانیـیه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر گونده‌كان له‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا بووه‌. هاوكات هیچ زانیاریـیه‌كیان سه‌باره‌ت به‌ زیانی بۆمبارانه‌كه‌ی فڕۆكه‌ جه‌نگیـیه‌كانی توركیا له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ حكومه‌تی توركیا شه‌ڕ له‌ دژی یاخیبوونێـكی درێژخایه‌ن له‌ پارێزگاكانی زۆرینه‌ كوردنشین ده‌كات. هێزه‌كانی توركیا له‌م مانگانه‌ی دوایـیه‌دا و له‌ پـێناو تێـكشـكاندنی بنكه‌كانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ باكوری عێراقدا كرده‌ی له‌شـكری له‌ دژیان ئه‌نجام دا و سـنووری عێراقی بۆ ئه‌و مه‌به‌سـته‌ به‌زاند.

پارتی كرێـكارانی كوردسـتان ناسـراو به‌ په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن توركیا و هه‌روه‌ها وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ به‌ ڕێـكخراوێـكی تێرۆریسـتی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت له‌ سـاڵی 1984 وه‌ و له‌ پـێناو خودموختاری بۆ كورده‌كان ده‌جه‌نگن و له‌ میانه‌ی ئه‌و سـاڵانه‌دا تا ئێسـتا پـتر له‌ 30 هه‌زار كه‌س كوژراون.

سه‌باره‌ت به‌م هه‌واڵه‌ په‌یامنێری به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌لام باڵایی له‌ شـاری دهۆكه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی ناردووه‌ و ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG