Accessibility links

ئێران ده‌ڵێت نزیككه‌وتۆته‌وه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌كانی له‌گه‌ڵ میسـردا

  • Aya Batrawy

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران مه‌نوچه‌هر موتـته‌كی ده‌ڵێت ئێران و میسـر نزیـكـكه‌وتوونه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌ دیبلۆماسـیـیه‌كانیان به‌ ته‌واوه‌تی، ئه‌مه‌ش پاش نزیكه‌ی سی سـاڵ له‌ پـچڕاندنی په‌یوه‌ندیـیه‌ سـیاسـیـیه‌كانی نێوانیان.
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا ئایه‌ به‌تراوی له‌ نووسـینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ قاهیره‌ ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوكارمان سـمكۆ عه‌زیز به‌ كوردی ئاماده‌ی كردووه‌.

دوای نزیـكه‌ی سـی سـاڵ له‌ پـچڕانی په‌یوه‌ندیـیه‌كانیان پـێده‌چێت میسـر و ئێران به‌ ئاشـكرا له‌ به‌ستنه‌وه‌ی ته‌واوی په‌یوه‌ندیـیه‌ دیبلۆماتیـیه‌كانیان نزیـك بـبنه‌وه‌.

مه‌نوچه‌هر موتـته‌كی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی له‌ میانه‌ی كۆنفرانسـێـكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر" لێواری ده‌ستپـێـكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌ سـیاسـیـیه‌كانیاندان."

ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی دوای یه‌كه‌مین وتووێـژی ڕاسته‌وخۆی ته‌له‌فونی نێوان حوسـنی موباره‌كی سه‌رۆكی میسـری و مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بوو كه‌ له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا ئه‌نجامیان دا.

له‌ سـاڵی 1979 وه‌ هه‌ردوو وڵات په‌یوه‌ندی ته‌واوی دیبلۆماتیـیان نه‌بووه‌ و هه‌ردوو وڵات باڵیۆزخانه‌یان، یان باڵیۆزیان له‌ وڵاتی یه‌كتریدا نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌و ده‌مه‌وه‌ هاوبه‌شـیـیان له‌ هه‌ندێ په‌یوه‌ندی دیبلۆماتیدا كردووه‌.

ئه‌مه‌ل حه‌ماده‌ پـرۆفیسـۆری یاریده‌ده‌ر له‌ زانسـتی سـیاسیدا له‌ زانكۆی قاهیره‌ گوتی ئه‌گه‌ر میسـر و ئێران په‌یوه‌ندیـیه‌ دیبلۆماتیـیه‌كانی نێوانیان به‌هێز بكه‌ن ئه‌وا ده‌سـكه‌وتی زۆری بۆ هه‌ردوو وڵات و هه‌رێمه‌كه‌ی لێـده‌كه‌وێته‌وه‌.

دیبلۆماتانی ئێرانی له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ قاهیره‌ له‌گه‌ڵ هاوتایانی میسـریان كۆبوونه‌وه‌ تاوه‌كو وتووێـژ له‌سه‌ر ڕێـگه‌كانی هاوكاریكردنی هه‌وڵه‌كانی فریاگوزاری له‌ غه‌ززه‌ و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵـكردنی سـنووری هاوبه‌شی نێوان غه‌ززه‌ و میسـر بكه‌ن.

نزیكه‌ی سی سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر ئێران په‌یوه‌ندیـیه‌ دیبلۆماتیـیه‌كانی له‌گه‌ڵ میسـردا پـچراند، ئه‌مه‌ش به‌ ماوه‌یه‌كی كورت دوای ئه‌وه‌ی میسر بووه‌ یه‌كه‌مین وڵاتی عه‌ره‌بی له‌ سـاڵی 1978 دا كه‌ په‌یمانـنامه‌ی ئاشـتی له‌گه‌ڵ ئیسـرائیلدا مۆربكات به‌ سـاڵێـك دوای ئه‌وه‌ش وڵاتی میسـر داڵده‌ی شـای ئێرانی له‌كارخراوی له‌ وڵاته‌كه‌یدا دا.

XS
SM
MD
LG