Accessibility links

جۆن مه‌كـكه‌ین له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی كۆماریــیه‌كان له‌ ساوث كارۆلاینا ده‌یـباته‌وه‌


سـیناتۆری سـتانی ئه‌ریزۆنا جۆن مه‌كـكه‌ین هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی كۆماریـیه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكای له‌ سـتانی سـاوث كارۆلاینای برده‌وه‌.

ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌ڕێز جۆن مه‌كـكه‌ین به‌ جیاوازیـیه‌كی كه‌م (33 به‌رامبه‌ر به‌ 30 له‌ سه‌دی ده‌نگه‌كان) له‌ فه‌رمانداری پـێشـووی ئه‌ركه‌نسـاس مایـك هه‌كه‌بی بردۆته‌وه‌.

به‌ڕێز جۆن مه‌كـكه‌ین له‌ گوتاری ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یدا نیشـانی دا ئه‌و له‌ پـێشـبڕكێـكه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌روه‌ها لایه‌نگرانی خۆی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌وا له‌ 1980 وه‌ هه‌موو پاڵێوراوێـكی كۆماری كه‌ له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی سـاوث كارۆلاینا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌سـتهێناوه‌ گه‌یشـتۆته‌ قۆناغی كۆتایی.

ئێسـتا كۆماریـیه‌كان ڕوو ده‌كه‌نه‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی سـتانی فلۆریدا كه‌ بڕیاره‌ له‌ 29 ی مانگی یه‌كدا ئه‌نجام بدرێت. سه‌رۆكی شـاره‌وانی نیویۆرك ڕودی جولیانی سه‌نگی خۆی خسـتۆته‌ سـه‌ر فلۆریدا و ده‌یه‌وێت یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنی خۆی له‌وێ به‌ده‌ستبهێنێت.

پـێشـتر هه‌ر ڕۆژی شه‌ممه‌ فه‌رمانداری پـێشـووی ماسه‌چوسـتس میت ڕۆمنی به‌ سـانایی له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی كۆماریـیه‌كان له‌ سـتانی نێڤادا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌سـتهێناوه‌.

له‌ پـێشـبڕكێـی دیموكراته‌كانیش له‌ نێڤادا سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ بوو به‌ دوو جۆر، ئه‌ویش سـێناتۆری نیویۆرك هێـله‌ری كلنتن زۆرترین ده‌نگی خه‌ڵكی به‌ده‌سـتهێنا به‌ڵام سیناتۆری ئیلینۆیز باراك ئۆباما كه‌مێـك زیاتر ده‌نگی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی به‌ده‌سـتهێنا كه‌ بۆ كۆنگره‌ی نیشتیمانی دیموكراته‌كان ده‌سـتنیشـان كراون.

سه‌باره‌ت به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی جۆن مه‌كـكه‌ین په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا براین واگنه‌ر له‌ شـاری كۆلومبیای سـاوث كارۆلاینا ڕاپـۆرتێـكی ناردووه‌ و هاوكارمان موعته‌به‌ر شیروانی وه‌ریـگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 2:37 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG