Accessibility links

سه‌رۆك بوش كۆتایی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌هێنێت


سه‌رۆك بوش ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ میسره‌وه‌ كۆتایی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هێنا، وه‌ ده‌ڵێت وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ئاماده‌ن یارمه‌تی ئیسرائیل و فه‌له‌سـتینیـیه‌كان بده‌ن له‌ گه‌یشـتن به‌ ڕێـكـكه‌وتنـنامه‌یه‌كی ئاشتی.

سه‌رۆك بوش ئه‌م لێـدوانه‌ی دا پاش وتووێژه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی میسری حوسنی موباره‌ك له‌ هاوینه‌هه‌واری شه‌رم ئه‌لشێخی سه‌ر ده‌ریای سوور. هه‌روه‌ها به‌ڕێز بوش گوتی ئه‌و له‌ كوششه‌كانی بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاشتی به‌رده‌وام ده‌بێت، وه‌ گوتی " من ڕژدم له‌وه‌ی ده‌یڵێم."

به‌ڕێز موباره‌كیش تێبینی دا و گوتی ئه‌و پـشـتیوانی له‌و پلانه‌ ده‌كات كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێـكـكه‌وتنـنامه‌ی ئاشتی ئیسرائیل- فه‌له‌ستین دانراوه‌ له‌ ماوه‌ی سـاڵێـكدا.

سه‌رۆك بوش سوپاسی میسری كرد له‌سه‌ر پـشتیوانیكردنی حكومه‌تی لوبنان و گوتیشی ده‌بێت سوریا و ئێران له‌ ده‌ستێوه‌ردانیان له‌ كاروباری سیاسی ناو لوبنان بوه‌ستن. هه‌روه‌ها سه‌رۆك بوش هیوای خۆی ده‌ربڕی كه‌ میسر زیاتر به‌ره‌و دیموكراسی هه‌نگاوبێنێت.

سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی عێراقیش سه‌رۆك بوش گوتی ڕاسـته‌ حكومه‌تی به‌غدا" نموونه‌یی" نیـیه‌ به‌ڵام له‌ مه‌سه‌له‌ی ئاشـتبوونه‌وه‌ی سـیاسی له‌ نێو لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی وڵاته‌كه‌دا به‌ره‌و پـێشـه‌وه‌ ده‌چێت.

XS
SM
MD
LG