Accessibility links

میت ڕۆمنی هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی كۆماریـیه‌كان له‌ میشیگن ده‌باته‌وه‌

  • Greg Flakus

فه‌رمانڕه‌وای پـێشـووی ماسه‌چوستس میت ڕۆمنی هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی پارتی كۆماری له‌ سـتانی میشـیگندا برده‌وه‌، به‌وه‌ش ده‌بێته‌ سێهه‌م كاندیدی پارته‌كه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی ڕابردوودا سه‌ركه‌وتنێـكی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنێت. په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا گرێـك فڵاكه‌س له‌ دیترۆیته‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی ناردووه‌ و تیایدا ده‌ڵێت سه‌ركه‌وتنی ڕۆمنی پـێشـبڕكێـی كۆماریـیه‌كان به‌ فراوانی ده‌هێـڵێته‌وه‌.
هاوكارمان به‌ڵێن سـاڵح درێژه‌ی ڕاپـۆرته‌كه‌ی گرێـك فلاكه‌سی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

میت ڕۆمنی كاندیدی كۆماریـیه‌كان بۆ پـۆستی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی سـتانی میشیگندا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌سـتهێنا.

به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش گرنگی زیاتر ده‌درێت به‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كان له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا.

پاش ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌ندار میت ڕۆمنی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ میشیگن له‌ به‌رده‌م لایه‌نگرانیدا له‌ ساوثفێـڵد گوتی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ده‌سـپـێـیه‌كی وه‌ڵام و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكایه‌.

هه‌ر له‌و لێـدوانه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد به‌رده‌وامده‌بێت له‌ بوژاندنه‌وه‌ و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوری كه‌ پـێشـتر له‌ سـتانی میشیگن پـیاده‌ی كردبوو، وه‌ ده‌شڵێت هه‌وڵ ده‌دات بۆ دابینكردنی كاری زیاتر و په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری. ئه‌وه‌شی گوت كه‌ ده‌سته‌كه‌ی خۆی ده‌باته‌ واشـنتن بۆ چاكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی میت ڕۆمنی پـێی ده‌ڵێت سـیسـتمه‌ تێـكشـكاوه‌كه‌ی حكومه‌ت له‌ واشـنتن.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنی ڕۆمنیـیه‌ له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌ریـیه‌كاندا و داوای له‌ لایه‌نگرانیشی كرد له‌گه‌ڵیدا بن بۆ سه‌ركه‌وتنی زیاتر له‌ هه‌فته‌كان و مانگه‌كانی داهاتوودا.

میت ڕۆمنی ده‌ڵێت " با ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ به‌رینه‌ سـتانه‌كانی سـاوث كارۆلاینا و نیڤادا و فلۆریدا و سه‌رانسه‌ری ئه‌مریكا" و ده‌شڵێت " با ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ ڕێـك به‌رینه‌ ناو كۆشـكی سـپـیـیه‌وه‌."

سـتانی میشـیگن بۆ میت ڕۆمنی باش بووه‌ كه‌ ده‌شێت ئه‌و باشـیـیه‌ یارمه‌تیده‌ر نه‌بێت بۆی له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌ریـیه‌كانی تردا چونكه‌ بۆخۆی له‌ دایـكبووی میشیگانه‌ و له‌ سـاڵانی شه‌سـته‌كانیشدا باوكی میت ڕۆمنی فه‌رمنڕه‌وای سـتانه‌كه‌ بووه‌. له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵـبژاردنیشـیدا جه‌خت له‌ هه‌وڵـدان ده‌كاته‌وه‌ بۆ ڕه‌خسـاندنی كاری زیاتر بۆ ئه‌مریكایـیه‌كان، ئه‌مه‌ش له‌ میشیگن ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌بووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی میشـیگن له‌ 10 سـاڵی ڕابردوودا نزیكه‌ی 150 هه‌زار بواری كاركردنی له‌ده‌سـتداوه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ بواری پـیشه‌سـازیدابوون و ڕێژه‌ی بێـكاری له‌ میشـیگن له‌ سه‌روو له‌ سه‌دا حه‌وته‌وه‌یه‌.

سـیناتۆر جۆن مه‌كـكه‌ین دانی به‌ سه‌رنه‌كه‌وتنه‌كه‌ی خۆی دانا له‌ به‌رامبه‌ر ڕۆمنیدا و سـوپاسی ده‌نگده‌رانی میشیگنی كرد بۆ به‌شـداریكردنیان له‌م هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌دا.

سیناتۆر مه‌كـكه‌ین ده‌ڵێت " دانیشـتووانی میشیگن قسه‌ی خۆیان كرد و ڕێزم هه‌یه‌ بۆ بڕیاره‌كه‌یان و خوازیارم لێـیان به‌رپـرسـێتیـیه‌كانیان هه‌ڵـگرن وه‌ك دانیشتووانی مه‌زنترین وڵاتی ئه‌م سه‌ر گۆی زه‌ویـیه‌ و خۆشـحاڵم به‌و كار ئاسانی و پـشـوو درێژی و پـێشـوازیكردنه‌تان له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كان."

مایـك هه‌كه‌بی فه‌رمانڕه‌وای‌ سـتانی ئه‌ركه‌نسـاس به‌ چه‌ند خاڵ له‌ پاش میت ڕۆمنی و جۆن مه‌كـكه‌ینه‌وه‌ بوو. هه‌كه‌بی له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی سـتانی ئایاوا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌سـتهێنا و له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی نیو هامشه‌ریشـدا كه‌ له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا كرا به‌ پله‌ی سێهه‌م هات له‌ پاش جۆن مه‌كـكه‌ین و میت ڕۆمنیـیه‌وه‌. وه‌ك خۆشی ده‌ڵێت ده‌رفه‌ته‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ سـتانی سـاوث كارۆلاینایه‌ كه‌ ڕۆژی 19 ی ئه‌م مانگه‌ جارێـكی تریش كۆماریـیه‌كان پـێشـه‌بڕكێـی هه‌ڵبژاردنی خۆیان ده‌كه‌ن.

مایـك هه‌كه‌بی ده‌ڵێت " له‌ ئایاوا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و جۆن مه‌كـكه‌ین له‌ نیو هامشه‌ر و میت ڕۆمنی له‌ میشـیگن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خوشـك و برایان له‌ سـاوث كارۆلاینا سه‌رده‌كه‌وین."

له‌م هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌ی میشیگندا ڕوودی جولیانی فه‌رمانڕه‌وای شـاری نیویۆرك ده‌رفه‌تی خۆی له‌ سـتانی فلۆریدا ده‌بینێت كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژی 29 ی یه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی لێـبكرێت.

XS
SM
MD
LG