Accessibility links

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكایی له‌ عێراق هیوای به‌و وڵاته‌ به‌خشـیوه‌


سه‌رۆك جۆرج بوش ده‌ڵێت بڕیاردانی ناردنی سه‌ربازانی زیاتری ئه‌مریكایی بۆ عێراق سـاڵـێــك له‌مه‌وبه‌ر به‌ شـێوه‌یه‌كی به‌رچاو كاری توندوتیژی له‌ عێراقدا كه‌مكردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك خۆی ده‌ڵێت وا هیوا ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌.

سه‌رۆك بوش ڕۆژی شه‌ممه‌ ئه‌م وته‌یه‌ی دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی له‌شـكری له‌ عێراق ژه‌نه‌ڕاڵ پـێـتره‌یه‌س و هه‌روه‌ها ڕایان كرۆكه‌ری باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ عێراق له‌ بنكه‌یه‌كی له‌شـكری له‌ وڵاتی كوێت ڕایگه‌یاند.

له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا سه‌رۆك بوش به‌ په‌یامنێرانی گوت هیچ بڕیارێـك له‌سه‌ر كشـانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكایی له‌ عێراق نه‌دراوه‌ و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دواده‌خات تا ئه‌و كاته‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ پـێتره‌یه‌س كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی سـێدا پـێشـنیازی خۆی له‌ باره‌ی كشـانه‌وه‌ی له‌شـكری ئه‌مریكایی پـێشـكه‌ش ده‌كات.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بوش ده‌شڵێت وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌بێت دڵنیابێت له‌وه‌ی‌ سـاڵی 2008 دا پـێشـڕه‌وی مه‌زنتر له‌ عێراقدا به‌ده‌ست ده‌هێنرێت. هاوكات گوتیشی سه‌ركه‌وتنی درێژخایه‌ند له‌ عێراقدا گرنگی له‌ ئۆقره‌ و ئارامی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسـتدا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها سه‌رۆك بوش داوای له‌ ئێران و سـوریا كرد هاوكاری تێرۆریسـتان له‌ عێراق ڕاگرن.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ سه‌رۆك بوش كه‌ له‌ دره‌نگانێـكی ڕۆژی شه‌ممه‌دا گه‌یشـته‌ وڵاتی به‌حرێن، گه‌شتێـك بۆ پـێـنج وڵاتی عه‌ره‌بی ده‌كات تاوه‌كو وتووێـژ له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌كانی په‌یوه‌ند به‌ نیگه‌رانیـیه‌كانی سه‌ر ئێران بكات.

سه‌باره‌ت به‌ لـێدوانه‌كانی ڕۆژی شه‌ممه‌ی سه‌رۆك بوش له‌ كوێت په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ بیرۆی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ قاهیره‌ چاڵس مه‌كدۆنا ڕاپـۆرتێـكی ناردووه‌ و هاوكارمان به‌ڵـێن سـاڵح وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و ده‌توانن گوێبیستی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 3:27 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG