Accessibility links

كه‌ناڵێـكی ته‌له‌فیزیۆنی ئێرانی ڤیدیۆیه‌كی جودا له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی كه‌نداوی فارس به‌خش ده‌كات


ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ته‌له‌فیزیۆنی سه‌ر به‌ وڵات له‌ ئێران ڤیدیۆیه‌كی په‌خش كرد كه‌ ده‌ڵێت له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه‌ گیراوه‌ له‌ كاتی ڕووداوه‌كه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ كه‌شتیـیه‌كانی هێزی ده‌ریایی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ی كه‌نداوی فارسیدا.

ڤیدیۆكه‌ له‌سه‌ر كه‌ناڵی Press TV په‌خشكرا كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، تیایدا پـیاوێـك به‌ ده‌زگای بێـته‌ل قسه‌ ده‌كات و سێ كه‌شتی ئه‌مریكیش له‌ دوره‌وه‌ به‌دی ده‌كرێن.

ڤیدیۆكه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤیدیۆی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان ڕووداو بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ تیایدا هیچ به‌له‌مێـكی ئێرانی ده‌رناخات كه‌ له‌ كه‌شتیـیه‌كانی ئه‌مریكا نزیـك بكه‌ونه‌وه‌.

شـایانی باسه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پـنتاگۆن ڤیدیۆی ڕووداوه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا چه‌ند به‌له‌مێـكی بچووكی ئێرانی ده‌رده‌خات به‌ خێرایی به‌ ده‌وری كه‌شتیـیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ته‌نگاوی هورموزدا له‌ كه‌نداوی فارسیدا ده‌خولانه‌وه‌. له‌ كاستێـكی ده‌نگیشـدا پـیاوێـك به‌ زمانێـكی قورسی ئینگلیزیـیه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌شتیـیه‌كان له‌ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێـكدا ده‌ته‌قێـنه‌وه‌.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ش له‌ ئۆرشه‌لیم سه‌رۆك بوش هۆشـداری ئاكامی خراپـی به‌ ئێران دا ئه‌گه‌ر هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كه‌شتیـیه‌كانی ئه‌مریكا و گوتیشی گشت بژاره‌كان له‌ ئارادان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌كانی ئه‌مریكا.

ئه‌مریكا ئێرانی به‌ شه‌ڕفرۆشتن به‌ كه‌شتیـیه‌كانی تۆمه‌تبار كردووه‌.

XS
SM
MD
LG