Accessibility links

ئیسـرائیل به‌نیازه‌ به‌" ئامێزێـكی واڵاوه‌" پـێشـوازی له‌ سه‌رۆك بوش بكات


ئیسـرائیل خۆی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی جۆرج بوشی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماده‌ ده‌كات.
ڕۆبه‌رت بێرگه‌ری په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و تیایدا ده‌ڵێت ئه‌م سه‌ردانه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ی سه‌رۆك بوش له‌ كاتێـكدا دێت كه‌ گرژیـیه‌كانی نێوان ئیسـرائیل و حكومه‌ته‌ میلیشـیاكه‌ی فه‌له‌ستینیـیه‌كان له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. به‌پـێی قسـه‌كانی كارمه‌ندانی ته‌ندروسـتی فه‌له‌سـتینی به‌هۆی شه‌ڕی نێوان هێزه‌كانی ئیسرائیل و میلیشـیاكان له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ 4 فه‌له‌سـتینی كوژراون كه‌ دووانیان هاوڵاتی سـڤیلن و هه‌روه‌ها به‌ لایه‌نی كه‌م 25 فه‌له‌سـتینی دیكه‌ش برینداربوون.
هاوكارمان به‌ڵـێن سـاڵح درێژه‌ی ڕاپـۆرته‌كه‌ی ڕۆبه‌رت بێرگه‌ری وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

ئێهود ئۆڵمه‌رت سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل ده‌ڵێت وڵاته‌كه‌ی به‌" ئامێزێـكی واڵاوه‌" پـێشـوازی له‌ سه‌رۆك بوش ده‌كات.

به‌ڕێز ئۆڵمه‌رت به‌ كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی گوتووه‌ سه‌رۆك بوش دۆسـتایه‌تیـیه‌كی مه‌زنی نیشـانی ئیسرائیل داوه‌ له‌ میانه‌ی ئه‌م گه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تیـیه‌یدا، وه‌ هاوپه‌یمانێـكی سـتراتیژیش بووه‌ بۆ ئیسرائیل.

سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بوش‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ئاسایشـیـیه‌كان ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ وه‌ك ده‌ڵێت به‌رده‌وامی تێرۆر له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ كاربه‌ده‌سـتانی فه‌له‌ستینی ده‌ڵێن بڕیاری ئیسرائیل بۆ بڕینی سووته‌مه‌نی له‌ غه‌ززه‌ دانیشتووانی ناچاركردووه‌ ڕۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی 8 كاتژمێر بێ وزه‌ی ئه‌لیكـتریك بن، وه‌ هه‌رچی ئیسرائیلیشه‌ ده‌ڵێت ئه‌و بڕینی سـووته‌مه‌نیـیه‌ په‌یامێـكی تونده‌ بۆ ڕێـكخراوی میلیشـیایی حه‌ماس تا هێرشه‌ ڕۆكێـتیـیه‌كانی بۆ سه‌ر ئیسرائیل ڕابگرێت.

كاربه‌ده‌سـتانیش له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینـیـیه‌كان له‌ كه‌ناری ڕۆژئاواوه‌ دژی ئه‌و بڕیاری سووته‌مه‌نی بڕینه‌ن له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ و ده‌ڵێن زیان له‌ كه‌شی وتووێـژه‌ ئاشـتیـیانه‌كه‌ ده‌دات كه‌ له‌ مانگی ڕابردووه‌وه‌ ده‌ستیپـێـكردووه‌ پاش 7 سـاڵی دابڕان.

سه‌رۆكی فه‌له‌ستینیـیه‌كان و سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل ڕۆژی سێشه‌ممه‌ كۆده‌بـنه‌وه‌ بۆ باسـكردنی غه‌ززه‌ و چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی تریش، واته‌ ته‌نها یه‌ك ڕۆژ به‌ر له‌ گه‌یشتنی سه‌رۆك بوش به‌ سه‌ردانێـكی سێ ڕۆژی بۆ ئیسرائیل و بۆ كه‌ناری ڕۆژئاوا.

XS
SM
MD
LG