Accessibility links

سه‌رۆك بوش هانی به‌ره‌وپـێشـچوون له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی ده‌دات

  • Scott Stearns

سه‌رۆك بوش له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا به‌ره‌و هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێ ده‌كه‌وێت به‌و هیوایه‌ی گوڕوتین به‌ وتووێـژه‌كانی ئاشتی نێوان ئیسـرائیل و فه‌له‌ستین بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێـكی فه‌له‌ستینی سه‌ربه‌خۆ بدات.
سـكه‌ت ستێرنز په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ كۆشـكی سـپــی ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوكارمان به‌ڵـێن سـاڵح وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت ئه‌ركه‌كه‌ی له‌م سـه‌ردانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كارێـكی وا بكات ئێهود ئۆڵمه‌رت سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل و مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینیـیه‌كان به‌رده‌وام سه‌نگی بخه‌نه‌ سه‌ر وێنه‌ گه‌وره‌كه‌، وێڕای وه‌ك سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت ته‌گه‌ره‌ به‌رچاوه‌كانی له‌به‌رده‌م پـێـكهێنانی ده‌وڵه‌تێـكی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستینیدا هه‌ن.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت" بۆ ئه‌وه‌یه‌ دڵنیا بكرێنه‌وه‌ و هانیش بدرێن بگه‌نه‌ ئه‌و به‌رئه‌نجامه‌ی وڵات له‌ چی ده‌چێت، بۆ دیاریكردنی ئه‌و وڵاته‌یه‌ و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بتوانن هیوایه‌كیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ درێژخایه‌نه‌ له‌ ئاكامدا هه‌ر كۆتایی دێت و هه‌نگاوی یه‌كه‌میش پـێناسه‌كردنی وڵاته‌."

سه‌رۆك بوش له‌ میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌لحوڕه‌دا ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه‌ی خۆی دا.

سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك بوش بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوابه‌دوای كۆنفرانسه‌كه‌ی مانگی 11ی ئه‌ناپوڵسه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل و سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌سـتینیـیه‌كان قایل بوون به‌ ده‌سـتكردن به‌ وتووێـژی ئاسایی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌سـتینی.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ سه‌رۆك بوش ده‌كه‌وێته‌ ڕێ به‌ره‌و ئیسرائیل و كه‌ناری ڕۆژئاوا و له‌ میانه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌شـیدا وتووێـژی جیاجیا له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی ئیسرائیلی و فه‌له‌ستینیدا ده‌كات، وه‌ دواتریش سه‌ردانی كوێت و به‌حرێن و میرنشینه‌ یه‌كگرتووه‌كانی عه‌ره‌ب و دوبه‌ی و شـانشینی عه‌ره‌بسـتانی سعودیه‌ و هه‌روه‌ها میسریش ده‌كات.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت هیواداره‌ دۆسـتان و هاوپه‌یمانان له‌ ناوچه‌كه‌ قه‌ناعه‌ت پـێـبكات كه‌ ده‌بێت پـشـتیوانیـیه‌كی به‌هێزی فه‌له‌سـتینی و ئیسرائیلی بكرێت تا چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تی كاری پـێـبكرێت.

هاوكات سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت هێشـتاش كاری زیاتر ماوه‌ بكرێن، به‌ڵام ده‌شڵێت له‌و بڕوایه‌شدایه‌ ده‌شێت ئه‌و ئامانجه‌ بێته‌ دی.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت" پـێویسـته‌ هێزه‌ ئاسایشـیـیه‌كانی فه‌له‌سـتینی چاكسـازی تیادا بكرێت كه‌ ئه‌مریكا یارمه‌تی ده‌دات. پـێویسته‌ كارداران هان بدرێن به‌ سه‌رمایه‌ی نوێوه‌. پـێویسـتیشه‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت تۆكمه‌ بكرێن."

له‌ میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌یدا وه‌ك كاربه‌ده‌سـتانی كۆشـكی سـپـی ده‌ڵێن سه‌رۆك بوش له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سـڤیلی و له‌شـكریـیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراقدا كۆده‌بێته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی زانیاری نوێ سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی عێراق. هه‌روه‌ها له‌م سه‌ردانه‌یدا سه‌رۆك بوش فشـار ده‌كات بۆ سه‌پاندنی سـزای نوێ به‌سه‌ر ئێراندا كه‌ به‌ گرنگی ده‌زانێت بۆ ناچاركردنی كۆماری ئیسلامی ئێران تا پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی وڵاتانی هه‌رێمه‌كه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ وتوێـژكردن له‌سه‌ر كێشه‌ی لوبنان كه‌ ده‌ڵێت به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا گرفتی سه‌ره‌كیـیه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆكی نوێی لوبناندا.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت" ده‌بێت سه‌رۆك ئه‌سه‌د تـێـبگات له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیـیه‌كی باشتری ده‌وێت له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و په‌یوه‌ندی باشتریش له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا ئه‌وا یه‌كه‌م شـتێـك كه‌ ده‌بێت بیكات ڕاگرتنی ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ پـرۆسه‌ی هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆكی لوبناندا."

هه‌ر له‌ میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌یدا وا بڕیاره‌ سه‌رۆك بوش له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی ئه‌مریكا كۆبـبێته‌وه‌ و وتووێـژیش له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی ڕێـكخراوه‌كانی ژناندا له‌ كوێت بكات و هه‌روه‌هاش له‌ ئۆرشه‌لیمیش سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ی هۆلۆكۆست بكات.

XS
SM
MD
LG