Accessibility links

ئیسرائیل ده‌ڵێت ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ی جۆری H5N1 له‌ كولانه‌ی باخچه‌یه‌كی منداڵاندا دۆزیوه‌ته‌وه‌


كاربه‌ده‌ستانی ته‌ندروستی ئیسرائیل ده‌ڵێن ڤایرۆسی جۆری H5N1 یان له‌ نێو ژماره‌یه‌ك مریشـكی مرداربوودا دۆزیوه‌ته‌وه‌ له‌ كولانه‌ی په‌له‌وه‌ری باخچه‌یه‌كی منداڵاندا.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی كشـتوكاڵی ئیسـرائیل ڕایگه‌یاند كه‌وا 18 مریشـكی مرداربوویان له‌ باخچه‌یه‌كی منداڵاندا له‌ شـارۆچكه‌ی بنیامینه‌ له‌ باكوری وڵاته‌كه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه‌.‌ ده‌شڵێن تاقیكردنه‌وه‌كان نیشـانی داوه‌ هه‌ر هه‌موویان به‌ نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای باڵـنده‌ی ڤایرۆسی جۆری H5N1 مرداربووبوون، ئه‌و جۆره‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ مرۆڤیش كوشـنده‌بێت.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیـسرائیل نه‌خۆشـخانه‌كانی ناوچه‌كه‌یان ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی چاودێریـیه‌كی تایبه‌تی هه‌ر منداڵـێـك و یان گه‌وره‌یه‌كیش بكه‌ن كه‌ تای لێهاتبێـت.

به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌ش یه‌كێـكه‌ له‌ نیشـانه‌ باوه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشـیـیه‌.

هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن به‌ درێژایی 10 كیلۆمه‌تر به‌ ده‌وری ئه‌و باخچه‌ی منداڵانه‌ چاو ده‌گێڕن نه‌وه‌كو نه‌خۆشـیـیه‌كه‌ له‌ شوێنێـكی دیكه‌ش بڵاوبووبێـته‌وه‌.

شـایانی باسه‌ ئیسرائیل له‌ مانگی سێی سـاڵی 2006 زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن مریشـك و قه‌لی له‌ناوبرد پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای جۆری ڤایرۆسی H5N1 له‌ چه‌ند كێـڵـگه‌یه‌كی په‌له‌وه‌ردا له‌و وڵاته‌ بڵاوبۆیه‌وه‌.

بڕوا ده‌كرێت ئه‌و باڵـندانه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسـیاوه‌ به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا كۆچیان كردووه‌ ڤایرۆسه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابێت.

XS
SM
MD
LG