Accessibility links

پـۆلیسی عێراق ده‌ڵێت نزیكه‌ی 30 كه‌س له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی خۆكوژیدا له‌ به‌غدا كوژراون


پـۆلیسی عێراق ده‌ڵێت نزیكه‌ی 30 كه‌س كوژراون و 40 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون به‌هۆی خۆكوژێـك هێـله‌كێـكی بۆمبڕێژكراوی به‌خۆیدا له‌ پـرسه‌یه‌كدا له‌ به‌غدا ته‌قاندۆته‌وه‌.

كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن ئه‌و هێرشه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌گه‌ڕه‌كی زه‌یونه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا ڕوویداوه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كی تێـكه‌ڵی شیعه‌ و سوننه‌یه‌.

ئاژانسی ئه‌سوشێتد پـرێس ده‌ڵێت پـرسه‌كه‌ بۆ ئه‌فسه‌رێـكی خانه‌نشـین دانرابوو كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له‌ به‌غدا كوژرا.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌ دوای ئه‌و ڕاپـۆرتانه‌ی ئه‌مریكادا هات كه‌ ده‌یسه‌لمێنن توندوتیژی له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردوودا زۆر كه‌مبۆته‌وه‌. فه‌رمانده‌ ئه‌مریكایی‌یه‌كان ده‌ڵێن به‌ گشتی له‌ مانگی شه‌شه‌وه‌ هێرشه‌كان به‌ ڕێژه‌ی له‌ سه‌دا 60 كه‌مبوونه‌ته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا ده‌سه‌ڵاتدران ده‌ڵێن له‌وه‌تای شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ساڵی 2003 ده‌ستیـپـێـكردووه‌ سـاڵی 2007 خوێناویترین سـاڵ بووه‌ بۆ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق.

ژماره‌ی كوژراوانی له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ مانگی پـێنج گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی كه‌ 126 سه‌رباز بوو. پاشـان له‌ مانگی دوانزه‌دا كه‌مبۆوه‌ و تیایدا 21 سه‌رباز كوژران. ئه‌وه‌ش دووهه‌م مانگه‌ به‌ درێژایی شه‌ڕه‌كه‌ كه‌ تیایدا كه‌مترین سه‌ربازی ئه‌مریكایی بكوژرێت.

ژماره‌ی كوژراوانی ئه‌مریكایی له‌ عێراق له‌ ماوه‌ی سـاڵی 2007 دا 899 كه‌س بووه‌، واته‌ زیاتر له‌ به‌رزترین ئاست كه‌ پـێشـتر له‌ سـاڵی 2004 دا تۆماركرابوو كه‌ 850 كه‌س بوو. له‌وه‌تای شه‌ڕی عێراق له‌ سـاڵی 2003 وه‌ ده‌ستیـپـێـكردووه‌ 3902 كه‌س له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته‌ كوژراون.

كاربه‌ده‌ستانی عێراقیش ده‌ڵێن ڕێژه‌ی هاوڵاتیانی سـڤیلی كوژراو دابه‌زیوه‌ و نزمترین ئاسـت له‌ ماوه‌ی 22 مانگی ڕابردوودا تۆمار كرابێت له‌ مانگی دوانزه‌دا بووه‌ كه‌ 480 كه‌س بووه‌.

XS
SM
MD
LG