Accessibility links

به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێـكی بۆمبڕێژكراو له‌ لوبنان گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رێـكی له‌شـكر ده‌كوژرێت


به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێـكی بۆمبڕێژكراو له‌ شـارۆچكه‌یه‌كی مه‌سیحی نشینی ده‌وروبه‌ری به‌یرووت گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رێـكی له‌شـكری لوبنان و به‌ لایه‌نی كه‌م 2 كه‌سی تر كوژران.

له‌ ڕاگه‌یاندنێـكی له‌شـكریدا هاتووه‌ كه‌وا عه‌مید فڕانسـوا ئه‌لحاج، سه‌رۆكی كرده‌ سه‌ربازیـیه‌كانی له‌شـكر له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی بعه‌بدا كوژرا و زیاتر له‌ 10 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

كاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ بۆمبڕێژكراوه‌ چه‌ند ئۆتۆمبیلێـك گڕیان تێبه‌ربووه‌ و هه‌روه‌ها زیان به‌ چه‌ند ماڵێـكیش كه‌وتووه‌.

هیچ كۆمه‌ڵێـك به‌رپـرسـیارێتی خۆی له‌ كوشتنی ژه‌نه‌ڕاڵ فڕانسوا ئه‌لحاج ڕانه‌گه‌یاندووه‌.

كوشـتنی ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌شـكری لوبنان به‌ دوای تێرۆركردنی 8 كه‌سـایه‌تی لوبنانی دژ به‌ سوریا دێت كه‌ له‌م دوو سـاڵه‌ی دوایـیدا له‌ لوبنان كوژران. سوریا نكۆڵی ده‌كات له‌وه‌ی ده‌ستی له‌ هیچ كام له‌و ته‌قینه‌وانه‌دا هه‌بێت.

شـایانی باسه‌ سه‌ره‌تای ئه‌مسـاڵ عه‌مید فڕانسوا ئه‌لحاج ڕۆڵێـكی سه‌ره‌كی بینی له‌ هێرشه‌ له‌شـكریـیه‌كانی دژی ملیشـیاكانی هه‌واداری ئه‌لقاعیده‌ له‌ كه‌مپی په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستینی نه‌هرلبارد. هه‌روه‌ها فڕانسوا ئه‌لحاج ناوی هاتبوو وه‌ك كه‌سێـك پـۆستی سه‌رۆكایه‌تی له‌شـكری لوبنان بگرێته‌ ده‌ست له‌ بری ژه‌نه‌ڕاڵ میشـێـل سوله‌یمان كه‌ كاندیدێـكی سه‌ره‌كیـیه‌ بۆ پـۆستی سه‌رۆكایه‌تی وڵات.

سه‌باره‌ت به‌م ڕووداوه‌ په‌یامنێری به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریكا ئێدوارد یه‌رانیه‌ن له‌ به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنانه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی ناردووه‌ و هاوكارانمان خه‌ڵه‌فی زێباری و سمكۆ عه‌زیز وه‌ریانگێڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر زمانی كوردی و ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 4 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG