Accessibility links

سه‌رۆكی ئێران ده‌ڵێت هیچ بنه‌مایه‌كی قانونی نیـیه‌ بۆ سه‌پاندنی سـزای نوێ به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یدا


مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆكی ئێران ده‌ڵێت هیچ بنه‌مایه‌كی قانونی نیـیه‌ بۆ سـه‌پاندنی سـزای نوێ به‌سه‌ر ئێراندا.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ تاران مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌ستخۆشی له‌و ڕاپـۆرته‌ی ده‌زگای زانیاری ئه‌مریكا كرد، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت ئێران له‌ سـاڵی 2003 وه‌ به‌رنامه‌ی چه‌كی ناوه‌كی خۆی ڕاگرتووه‌، وه‌ به‌ " هه‌نگاوێـك به‌ره‌و پـێشـه‌وه‌ی" ناوی برد. گوتیشی هه‌نگاوی دیكه‌ی له‌و جۆره‌ ڕێ له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌كانی ناوچه‌كه‌ خۆش ده‌كات.

به‌ڕێز ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ئه‌م تێبینی‌یانه‌ی له‌ ده‌مێـكدا دا كه‌ دیبلۆماتانی سه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان مشـتومڕ سه‌باره‌ت به‌ به‌رنووسی بڕیارێـكی نوێی سـزادانی ئێران ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ڕانه‌گرتنی به‌رنامه‌ی پـیتاندنی یۆرانیۆم.

له‌و باره‌یه‌وه‌ كاربه‌ده‌سـتانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسـا و ڕوسـیا و چین له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ به‌ ته‌له‌فون وتووێـژ ده‌كه‌ن.

كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن سه‌ره‌ڕای سـزاكانی پـێشووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڵام هێشتا ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌ پـیتاندنی یۆرانیۆم. واشـنتن ده‌ڵێت هێشـتا تاران هه‌ڕه‌شه‌یه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌ خێرایی ده‌ست به‌ به‌رنامه‌ی دروسـتكردنی چه‌كی ناوه‌كی بكاته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG