Accessibility links

به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی 2 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو له‌ جه‌زائیر 60 كه‌س ده‌كوژرێن


كاربه‌ده‌سـتانی جه‌زائیر ده‌ڵـێن له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی 2 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو له‌ جه‌زائیر به‌ لایه‌نی كه‌م 60 كه‌س كوژراون و چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون‌.

هه‌ردوو ئۆتۆمبیله‌ بۆمبڕێژكراوه‌كه‌ به‌ جیاوزی چه‌ند خوله‌كێــك له‌ دوو شوێنی جیادا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ته‌قینرانه‌وه‌، یه‌كێـكیان له‌ به‌رده‌م ئۆفیسی ئاژانسی په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌وی دیكه‌یان له‌ نزیك دادگای ده‌سـتوری جه‌زائیر.

كاربه‌ده‌سـتانی ئاژانسی په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێن 10 كه‌س له‌ ستافی ئۆفیسه‌كه‌یان له‌ هێرشـه‌كه‌ی به‌رده‌م ئۆفیسه‌كه‌یاندا كوژراون. ئۆفیسه‌كه‌ كه‌وتۆته‌ ناوچه‌ی حه‌یده‌ره‌ی پایته‌ختی جه‌زائیر كه‌ ماڵی ژماره‌یه‌ك دیبلۆماسی لێـیه‌.

كاربه‌ده‌سـتان ده‌شڵێن ژماره‌یه‌ك له‌ كوژراوان و بریندابووانی هێرشه‌كه‌ی نزیـك دادگای ده‌سـتوری خوێندكاربوون كه‌ به‌ پاسـێـك به‌وێدا تـێپه‌ڕ ده‌بوون.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسـا نیكۆلاس ساركوزی و ڕێبه‌رانی دیكه‌ی ئه‌وروپا به‌ زووی هێرشه‌كه‌یان سه‌رزه‌نشت كرد. كه‌س به‌رپـرسـیارێتی خۆی له‌و هێرشـانه‌ ڕانه‌گه‌یاندووه‌.

پـێشـتر ئه‌مسـاڵ ملیشـیاكانی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ زنجیره‌یه‌ك هێرشـیان له‌ جه‌زائیر ئه‌نجام دا، له‌وانه‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژیانه‌ی مانگی 4 ، ئه‌وه‌ی تیایدا 33 كه‌س كوژران.

شـایانی باسه‌ له‌ سـاڵی 1992 وه‌وه‌ ئیسلامیـیه‌كانی جه‌زائیر له‌ دژی حكومه‌ته‌كه‌یان هه‌ستاون پاش هه‌ڵوه‌شـاندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی كه‌ تیایدا خه‌ریك بوو پارتی ئیسلامی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.

XS
SM
MD
LG