Accessibility links

چین ده‌ڵێت هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌ ئێران وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌


حكومه‌تی چینی ده‌ڵێت درێژه‌ به‌ سـیاسه‌تی خۆی له‌مه‌ڕ مامه‌ڵـكردنی له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌دات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و ڕاپـۆرته‌ سـیخوڕیـیه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و ده‌ڵێت تاران 4 سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر پـرۆگرامی چه‌كی ناوه‌كی خۆی ڕاگرتبوو.

له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنێـكی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی حكومه‌تی چینیدا هاتووه‌ و ده‌ڵێت به‌ مه‌به‌ستی ڕوونكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێـستی چین له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چینی له‌ دره‌نگانێـكی ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا به‌ ته‌له‌فون له‌گه‌ڵ خافێر سۆلانای ڕێـكـخه‌ری سـیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها له‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌شـدا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له‌گه‌ڵ كۆنده‌لیزا ڕایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دوا.

به‌یانـنامه‌كه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی حكومه‌تی چینی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ چین به‌رده‌وامده‌بێت له‌ پـشتگیری خۆی له‌ ڕێـكـكه‌وتنـنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی چه‌كی ناوه‌كی و هه‌روه‌ها پـشتگیری له‌ ئاشتی و ئارامی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات.

هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین هیوای خواست ئێران بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جێبه‌جێ بكات و هه‌روه‌ها هاوكاری ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یـیش بكات.

XS
SM
MD
LG