Accessibility links

ئۆپـۆزیسـیۆنی پاكسـتان له‌سه‌ر هه‌ڵـبژاردنه‌كان دووبه‌ره‌كیـیان تێـده‌كه‌وێت


نیشـانه‌كانی ناكۆكی له‌ نێو ئۆپـۆزیسـیۆنی پاكستاندا ده‌ركه‌وت پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری پـێشـووی پاكستان بێنه‌زیر بۆتۆ ڕایگه‌یاند كه‌وا پارته‌كه‌ی به‌شـداری له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ گشتیـیه‌كانی مانگی یه‌كدا ده‌كات.

ڕۆژی هه‌ینی خانم بێنه‌زیر بۆتۆ له‌ كۆنفرانسـێـكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی پارته‌كه‌ی، پارتی گه‌لی پاكستان، سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وایی ئه‌و هه‌لبژاردنانه‌ نیگه‌رانه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ 8 ی مانگی یه‌كدا ئه‌نجام بدرێت. گوتیشی هێشتا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ خۆی له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌كان بكێشـێـته‌وه‌ و بچێـته‌ پاڵ ئۆپـۆزیسـیۆنی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیری پـێشـوو نه‌واز شه‌ریف كه‌ به‌شـداری له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌كاندا ناكات.

هه‌روه‌ها خانم بێنه‌زیر بۆتۆ به‌رنامه‌ سـیاسیـیه‌كه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند كه‌ تیایدا به‌ڵێنی داوه‌ پاره‌ و پـولی زیاتر بۆ خوێندن و په‌روه‌رده‌ و خزمه‌تگوزاریـیه‌ ته‌ندروستیـیه‌كان و ژینگه‌ ته‌رخان بكات و هه‌روه‌ها زیادكردنی هه‌لی كار.

لای خۆیه‌وه‌ نه‌واز شه‌ریف ده‌ڵێت ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات خانم بێنه‌زیر قایل بكات به‌وه‌ی له‌ دژی په‌روێز موشـه‌ڕه‌ف په‌یوه‌ندی به‌ ئۆپۆزیسـیۆنه‌كه‌یه‌وه‌ بكات.

هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیر داوای ده‌ستبه‌جێی هه‌ڵـگرتنی باری نائاسایی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی له‌ ده‌مێـكی زووی مانگی یازده‌دا له‌ لایه‌ن سه‌رۆك په‌روێز موشـه‌ڕه‌فه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا.

ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ش سه‌رۆك په‌روێز موشـه‌ڕه‌ف به‌ڵێنی دا 16 ی مانگی دوانزه‌ كۆتایی به‌ باری نائاسایی بهێنێت. موشه‌ڕه‌ف ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند پاش ئه‌وه‌ی سوێندی یاسایی خوارد بۆ گه‌ڕێـكی تری پـێـنج سـاڵی سه‌رۆكایه‌تی وڵات وه‌ك ڕێبه‌رێـكی سڤیل.

به‌ڕێز موشه‌ڕه‌ف ڕۆژێـك به‌ر له‌وه‌ وازی له‌ سه‌رۆكایه‌تی له‌شـكر هێنا.

XS
SM
MD
LG