Accessibility links

ئه‌ردۆگان ده‌سه‌ڵات ده‌داته‌ له‌شـكر بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی له‌شـكری له‌ ناو خاكی باكوری عێراق


ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك وه‌زیری توركیا ده‌ڵێت حكومه‌تی توركیا ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ به‌ له‌شـكر تا ئۆپه‌راســیۆنێـكی له‌شـكری له‌ودیو سـنووره‌كانیـیه‌وه‌ بكات دژی سه‌رهه‌ڵـداوانی كوردی بنكه‌ له‌ باكوری عێراق.

له‌ میانه‌ی ڕاگه‌یاندنێـكی ته‌له‌فیزیۆنیدا ڕۆژی هه‌ینی سه‌رۆك وه‌زیری توركیا گوتویه‌تی بڕیاری ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسـیۆنه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا دراوه‌ و ده‌شڵێت عه‌بدوڵـڵا گول سه‌رۆكی توركیاش ئه‌و بڕیاره‌ی په‌سه‌ندكردووه‌.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له‌ لێـدوانه‌كه‌یدا هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ ئایا ئه‌و ئۆپه‌راسـیۆنه‌ به‌م زووانه‌ ده‌بێت یان نا.

توركیا ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی خۆی له‌سه‌ر سـنووری عێراق كۆكردۆته‌وه‌ وه‌ك خۆ ئاماده‌كردنێـك بۆ شـیانی هێرشی له‌شـكری دژی سه‌رهه‌ڵـداوانی پارتی كرێـكارانی كوردسـتان كه‌ پارتیـیه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوه‌ له‌ توركیا.

ئه‌نكه‌ره‌ په‌كه‌كه‌ به‌ به‌كارهێنانی باكوری عێراق وه‌ك بنكه‌ گوناهبار ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی خوێناوی له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیادا.

له‌ مانگی ڕابردوودا په‌رله‌مانی توركیا ئه‌و به‌رنووسی بڕیاره‌ی په‌سه‌ندكرد و ده‌سه‌ڵاتی دا به‌ حكومه‌ت هه‌نگاوی خۆی بگرێته‌ به‌ر بۆ فه‌رماندان به‌ له‌شـكر تا ئۆپه‌راسـیۆنی له‌شـكری له‌ ناو عێراقدا دژی سه‌رهه‌ڵـداوانی په‌كه‌كه‌ ئه‌نجام بدات.

وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و عێراق داوایان له‌ توركیا كردووه‌ ئه‌و هێرشه‌ نه‌كاته‌ سه‌ر باكوری عێراق چونكه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌شێت بـبێته‌ مایه‌ی تێـكدانی باره‌ ئارامه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌.

XS
SM
MD
LG