Accessibility links

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت ئیسرائیلی و فه‌له‌ستینیـیه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ر له‌ كۆتایی سـاڵی 2008 به‌ ڕێـكـكه‌وتنێـكی ئاشتی بگه‌ن


سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت ئیسرائیلیـیه‌كان و فه‌له‌ستینـیـیه‌كان ڕێـكـكه‌وتوون وتووێژان ده‌ستپـێـبكه‌ن وه‌ك هه‌وڵێـك بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێـكـكه‌وتنێـكی ئاشتی به‌ر له‌ كۆتایی سـاڵی 2008.

به‌ڕێز بوش ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند له‌ میانه‌ی كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ شـاری ئه‌ناپڵسی سـتانی مه‌ریلاندی نزیـك واشـنتۆن. ئه‌و گوتی ئیسرائیلیـیه‌كان و فه‌له‌ستیـنیـیه‌كان له‌سه‌ر به‌ڵـگه‌نامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ڕێـكـكه‌وتوون كه‌ به‌پـێی هه‌وڵ ده‌ده‌ن كۆتایی به‌ ده‌یان سـاڵ له‌ خوێن ڕشـتن بهێنن و قۆناغێـكی نوێی ئاشتی ده‌ستپـێـبكه‌ن.

سه‌رۆك بوش هه‌روه‌ها ده‌ڵێت پـێویسته‌ به‌ردی بناغه‌ی پـێـكهێنانی ده‌وڵه‌تێـكی نوێ دابنێن، ده‌وڵه‌تێـكی فه‌له‌ستینی دیموكراتیـك كه‌ شـان به‌ شـانی ئیسرائیل به‌ ئاشتی و به‌ ئاسایش بژی. ده‌ڵێت ئێمه‌ ده‌بێت یارمه‌تیده‌ربین بۆ كۆتایی هێنان به‌ توندوتیژی كه‌ دوژمنی ڕاسـته‌قینه‌ی ئامانجه‌كانی ئیسرائیل و فه‌له‌سـتیـنیـیه‌كانیش بووه‌.

سه‌رۆك بوش ئه‌م تێبینی‌یانه‌ی دا كاتێـك سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل ئێهود ئۆڵمه‌رت و سه‌رۆكی فه‌له‌ستینیـیه‌كان مه‌حمود عه‌باس له‌ ته‌نیشتی ڕاوه‌ستابوون.

هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێز بوش دانیشی پـیادانا كه‌ ڕێـگای ئاشتی سه‌خت ده‌بێت و گوتی هه‌ردوولا ده‌بێت پـێـكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ پـێـكهێنانی ده‌وڵه‌تێـكی سه‌ربه‌خۆ و دیموكراتیـكی فه‌له‌ستینی.

نوێنه‌رانی نزیـكه‌ی 50 وڵات و ڕێـكخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌شـداری له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌ناپڵس ده‌كه‌ن.

ده‌مڕاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا شـان مه‌كـكۆرمه‌ك ده‌ڵێت كۆنفرانسی ئه‌ناپڵس پـشـتیوانی نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌ بۆ پـرۆسه‌ی گفتوگۆیان كه‌ له‌ پـێشترێوه‌ ده‌ستپـێـكراوه‌.

XS
SM
MD
LG