Accessibility links

بڕیاره‌ نه‌واز شه‌ریف یه‌كشـه‌ممه‌ بۆ پاكسـتان بگه‌ڕێته‌وه‌


یاریده‌ده‌رانی نزیكی نه‌واز شه‌ریفی سه‌رۆك وه‌زیری پـێشـووی پاكستانی ده‌ڵێن بڕیاره‌ ڕابه‌ری دووره‌ وڵات به‌ر له‌ دوا مۆڵه‌تی ناونووسـكردن بۆ هه‌ڵـبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كه‌ ڕێـكـكه‌وتی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕابه‌رانی باڵای حزبه‌كه‌ی نه‌واز شه‌ریف، حزبی كۆمكاری ئیسلامی پاكسـتانی، ده‌ڵێن سه‌رۆك وه‌زیری پـێشـووی پاكسـتان و چه‌ند ئه‌ندامێـكی خانه‌واده‌كه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ده‌گه‌نه‌ شـاری لاهوری ڕۆژهه‌ڵاتی پاكسـتان.

پـلانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نه‌واز شه‌ریف له‌ شـانشینی سعودیـیه‌وه‌ بۆ پاكسـتان وایكردووه‌ ئۆپـۆزیسـیۆنی پاكسـتانی پلانی ستراتیژی نوێ بۆ هه‌ڵـبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی 8 ی مانگی یه‌ك دابڕێژن.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ نه‌واز شه‌ریف یه‌كێـك بوو له‌ ڕه‌خنه‌گران په‌روێز موشـه‌ڕه‌ف به‌هۆی سه‌پاندنی باری ته‌نگه‌تاوی له‌ پاكسـتاندا و هاوڵاتیـیانی تاو ده‌دا له‌ دژی موشـه‌ڕه‌فی سه‌رۆكی وڵات ڕاپه‌ڕن.

ڕوون و ئاشـكرا نیـیه‌ كه‌ ئایا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی پاكسـتانی له‌مه‌ڕ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نه‌واز شه‌ریف چۆن ده‌بێت. ناوبراو دوا جار كه‌ له‌ مانگی نۆی ئه‌مسـاڵدا گه‌ڕایه‌وه‌ پاكستان جارێـكی دیكه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و سـعودیـیه‌ دوورخرایه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌ سـاڵی 1999 دا ژه‌نه‌ڕاڵ په‌روێز موشـه‌ڕه‌فی سه‌رۆكی هه‌نووكه‌ی پاكسـتان له‌ كوده‌تایه‌كی سه‌ربازیدا نه‌واز شه‌ریفی له‌ ده‌سه‌ڵات لادا.

XS
SM
MD
LG