Accessibility links

كاربه‌ده‌سـتانی پاكسـتان ده‌ڵێن موشه‌ڕه‌ف به‌ نێـگرۆپـۆنتێی گوتووه‌ باری ته‌نگه‌تاوی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان پـێویسته‌


كاربه‌ده‌سـتانی پاكسـتان ده‌ڵێن سه‌رۆك په‌روێز موشـه‌ڕه‌ف به‌ جۆن نێـگرۆپـۆنتێی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای گوتووه‌ كه‌وا باری ته‌نگه‌تاوی پـێویسته‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵـبژاردنه‌ په‌رله‌مانیـیه‌كانی وڵاته‌كه‌ له‌ كه‌ش‌وهه‌وایه‌كی ئازاددا.

جۆن نێـگرۆپـۆنتێ گه‌وره‌ترین كاربه‌ده‌سـتی ئه‌مریكایه‌ سه‌ردانی پاكسـتان بكات له‌وه‌تای دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر باری ته‌نگه‌تاوی له‌و وڵاته‌دا ڕاگه‌یه‌ندراوه‌. ڕۆژی شه‌ممه‌ نێـگرۆپـۆنتێ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 2 كاژێر له‌گه‌ڵ ژه‌نه‌ڕاڵ موشه‌ڕه‌ف له‌ ئیسلام ئاباد كۆبووه‌وه‌.

كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مریكا ده‌موده‌ست هیچ لـێـدوانێـكیان سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌داوه‌. پـێده‌چێت جۆن نێـگرۆپـۆنتێ فشـاری خسـتبێته‌‌ سه‌ر ژه‌نه‌ڕاڵ موشـه‌ڕه‌ف تا باری ته‌نگه‌تاوی هه‌ڵـگرێت و هه‌روه‌ها مسـۆگه‌ری بكات ئه‌و هه‌ڵـبژاردنانه‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی یه‌كدا سـازبكرێت به‌ دیموكراتیـیانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

كاربه‌ده‌سـتانی پاكستان ده‌ڵێن هه‌روه‌ها جێـگری سه‌رۆكی له‌شـكری وڵاته‌كه‌یان، ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌سفاق كایانی، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كان بووه‌. پـێشـبینی ده‌كرێت ئه‌سفاق كایانی بـبێت به‌ سه‌رۆكی له‌شـكری پاكستان له‌و ده‌مه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ موشـه‌ڕه‌ف واز له‌و پـۆسته‌ ده‌هێنێت و ده‌ست به‌ گه‌ڕێـكی تری سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ر ڕۆژی شه‌ممه‌ جۆن نێـگرۆپـۆنتێ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی پاكستاندا كۆبـبێته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG