Accessibility links

دوو گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری دواخستنی جێبه‌جێـكردنی به‌ندی 140 ی ده‌سـتوری عێراق


ماوه‌یه‌كه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن باس له‌ دواخسـتنی جێـبه‌جێـكردنی به‌ندی 140 ی ده‌سـتوری عێراق و ڕیفراندۆمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی شـاری كه‌ركوك ده‌كه‌ن.

بۆ زانینی ڕاستیـیه‌كان هاوكارمان جانی دیلان دوو گفتوگۆی له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ڕزگار عه‌لی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و فریاد ڕه‌واندزی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجامداوه‌.

ڕزگار عه‌لی ده‌ڵێت ئێمه‌ هیچ هه‌واڵێـكی وه‌هامان پـێـنه‌گه‌یشـتووه‌، وه‌ كۆمسـیۆنی باڵای هه‌ڵـبژاردنه‌كان له‌ عێراق به‌ گشتی ئاماده‌یی خۆی نیشـانداوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم، وه‌ ده‌ڵێت دواخستنی ڕیفراندۆمی كه‌ركوك ته‌نها له‌ ده‌سـتی سه‌رۆك وه‌زیری عێراقدایه‌.

فریاد ڕه‌واندزی ده‌ڵێت نه‌خێر مه‌سه‌له‌ی دواخسـتنی مادده‌ی 140 نه‌ بڕیارێـكی سـیاسی و نه‌ ڕێـكـكه‌وتنێـكی له‌سه‌ركراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوابخرێت، به‌ڵام له‌ ڕووی ته‌كنیكیـیه‌وه‌ ئه‌مرێـكی واقیع هه‌یه‌ كه‌ ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕیفراندۆم ده‌رباره‌ی ئاینده‌ی كه‌ركوك دوابخرێت، به‌ تایبه‌تی كه‌ كۆمسـیۆنی باڵای هه‌ڵـبژاردنه‌كان له‌ عێراق له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌ ئاڕاسـته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراقی كردووه‌ ده‌ڵێت من تاكو كۆتایی مانگی ئایاری سـاڵی 2008 ناتوانم هیچ ڕیفراندۆمێـك بكه‌م له‌ عێراق، چ له‌سه‌ر ئاسـتی پارێزگاكان و چ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق. فریاد ڕه‌واندزی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت ئه‌م نامه‌یه‌ی كۆمسـیۆنی باڵا وه‌كو وه‌ڵامێـك هاتۆته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌مه‌ڕ ئه‌و پـرسـیاره‌ی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردبووی كه‌ ئایا ئه‌وان ده‌توانن ڕیفراندۆم بكه‌ن سه‌باره‌ت ئه‌و ماددانه‌ی ده‌سـتور كه‌ هه‌مواركراون و یان پـێشـنیاركراون كه‌ هه‌موار بكرێن، ئه‌وان وه‌ڵامه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه‌‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ هیچ شـێوه‌یه‌ك ناتوانین ئه‌م جۆره‌ ڕیفراندۆمانه‌ بكه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پـێداویـستی و هه‌روه‌ها كه‌ره‌سـته‌كانی ڕیفراندۆم له‌ بن ده‌سـتی كۆمسـیۆنی باڵادا نیـیه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی هه‌ردوو گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و دوو فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG