Accessibility links

كۆنده‌لیزا ڕایس پـێشـوازی له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی په‌روێز موشه‌ڕه‌ف ده‌كات


كۆنده‌لیزا ڕایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پـێشـوازی له‌و گوتانه‌ی سه‌رۆكی پاكسـتان په‌روێز موشه‌ڕه‌ف كرد، كه‌ تیایدا نیازی خۆی بۆ ده‌ست له‌كاركێشـانه‌وه‌ی له‌ پـۆسته‌ له‌شـكریـیه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها سـازدانی هه‌ڵـبژاردنه‌ په‌رله‌مانیـیه‌كان ڕاگه‌یاند.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ چاوپـێـكه‌وتنێـكی ته‌له‌فیزیۆنیدا خانم ڕایس گوتی هه‌ردوو هه‌نگاوه‌كه‌ گرنگن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاكسـتان بۆ ڕێڕه‌وی دیموكراسی. به‌ڵام گوتیشی پـێویسـه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ موشه‌ڕه‌ف باری نائاسایی هه‌ڵبگرێت كه‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا سه‌پاندویه‌تی.

خانم ڕایس گوتیشی ڕه‌وشه‌كه‌ له‌ پاكسـتان ته‌واو نیـیه‌ و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ پاڵ پاكسـتان و گه‌له‌كه‌یدا ده‌وه‌سـتێت.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی ئه‌و كۆمه‌كه‌ دارایی‌یانه‌ی ئه‌مریكا بۆ پاكسـتان كه‌ له‌ ژێر پـیادچوونه‌وه‌دایه‌، خانم ڕایس گوتی زۆربه‌ی یارمه‌تیـیه‌كان بۆ به‌رنامه‌كانی شه‌ڕی توندڕه‌وان و چاكسـازی ئابوری و فێركردن ڕۆیشـتووه‌.

ڕایس گوتیشی كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مریكایی له‌ ڕێی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ له‌ ئیسـلام ئاباد له‌ په‌یوه‌ندی ڕاسـته‌وخۆدان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی پاكسـتان. دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ پاكسـتان دۆسـت و هاوپه‌یمانێـكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌.

XS
SM
MD
LG