Accessibility links

سه‌رۆكی پاكسـتان باری ته‌نگه‌تاوی له‌ وڵاته‌كه‌یدا ڕاده‌گه‌یه‌نێت

  • Barry Newhouse

سه‌رۆكی پاكسـتان په‌روێز موشه‌ڕه‌ف باری ته‌نگه‌تاوی له‌ وڵاته‌كه‌یدا ڕاگه‌یاند و ده‌سـتورێـكی كاتیشی ده‌ركردووه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌یامنێری به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریكا باری نیوهاوس له‌ ئیسلام ئابادی پایته‌ختی پاكسـتانه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی ناردووه‌ و هاوكارمان جانی دیلان وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

ته‌له‌فیزیۆنێـكی حكومی له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌، هه‌ر چه‌ند كاتژمێـرێـك پاش ئه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی سه‌ربه‌خۆی ده‌نگوباسه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌ ڕایانگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ خه‌ریكه‌ بـبێت، ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی باری ته‌نگه‌تاوی بڵاوكردۆته‌وه‌.

بێژه‌رێـك له‌ سه‌ر ته‌له‌فیزیۆنی ده‌وڵه‌ت به‌یانـنامه‌یه‌كی خوێندۆته‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ سه‌رۆكی سـتوونه‌ له‌شـكریـیه‌كان بووه‌، كه‌ بۆسـته‌كه‌ی تری سه‌رۆك په‌روێز موشه‌ڕه‌فه‌.

بـێژه‌ره‌كه‌ گوتی سه‌رۆكی سـتوونه‌ له‌شـكریـیه‌كان باری ته‌نگه‌تاوی و ده‌سـتورێـكی كاتی سه‌پاندووه‌. به‌ڵام هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی تر له‌ باره‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌وه‌ نه‌بووه‌.

هێـڵه‌كانی ته‌لیفۆن دابڕاون و كه‌ناڵه‌ سه‌ربه‌خۆیـیه‌كانی ده‌نگوباس هه‌روه‌ها داخراون. ماشـێنه‌ له‌شـكریـیه‌كان له‌سه‌ر ڕێـگا سه‌ره‌كیـیه‌كان له‌ ئیسلام ئاباد و چوار ده‌وری دادگای باڵا كه‌ له‌و بڕوایه‌دان چه‌ندین له‌ دادوره‌كان تیایدا هه‌بن جێـگیربوونه‌.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ پاش زنجیره‌یه‌ك له‌ هێرشه‌ خودكوژیـیه‌كاندا هاتووه‌ له‌م هه‌فتانه‌ی دوایدا بۆ سه‌ر كاربه‌ده‌سـتان و ئامانجه‌ له‌شـكریـیه‌كان، هه‌روه‌ها شه‌ڕی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ میلیشـیاكاندا له‌ دۆڵی سوات له‌ باكوری ڕۆژئاوای پاكسـتان.

سه‌رۆك وه‌زیری پـێشینی پاكسـتان بێنه‌زیر بۆتۆ له‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ پاكسـتانی به‌جێهێشـتووه‌ بۆ سه‌ردانی خانه‌واده‌كه‌ی له‌ دووبه‌ی.

چه‌ندین كێشه‌ی سه‌ره‌كی سه‌باره‌ت به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ڕامیاری وڵاته‌كه‌ له‌ دادگای باڵادا له‌ ژێر پـیاداچوونه‌وه‌دایه‌، له‌ نێوانیان به‌ره‌نگاریـیه‌ ده‌ستوریـیه‌كان دژ به‌ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵـبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆك په‌روێز موشه‌ڕه‌ف.

XS
SM
MD
LG