Accessibility links

دادگایه‌كی ئیسـپانیا 21 كه‌س له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كانی سـاڵی 2004 ی ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانی مه‌درید حوكم ده‌دات


دادگایه‌كی ئیسـپانیا بڕیاری زیندانیـكردنی 21 تاوانباری دا كه‌ ده‌سـتیان له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانی مه‌دریدی سـاڵی 2004 دا هه‌بووه‌، به‌ڵام یه‌كێـك له‌ تاوانباركراوه‌كان كه‌ ‌گومانی لێ ده‌كرا سه‌رۆك شـانه‌ بێت به‌بێ تاوان دانرا.

دادگاكه‌ به‌ زیاتر له‌ 40 هه‌زار سـاڵ زیندانیكردن حوكمی دا به‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ جه‌مال زوجام و عوسمان ئه‌لغناوی مه‌غریبی و ئیمیلۆ سووارێز تراشۆڕاسی ئیسـپانی، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌پـێی قانونی ئیسـپانیا ده‌توانرێت تاوانبار ته‌نها بۆ ماوه‌ی 40 سـاڵ زیندانی بكرێت.

له‌ بڕیارێـكی سه‌رسوڕمێنه‌ردا، دادگاكه‌ ڕه‌بیع عوسمان سه‌ید ئه‌حمه‌د، ناسراو به‌ محه‌مه‌د ئه‌لمیسری، به‌بێ تاوان دانا. ناوبراو‌ سـاڵی ڕابردوو له‌ ئیتاڵیا تاوانبار كرا به‌وه‌ی ئه‌ندامی ڕێـكخراوێـكی تێرۆریستیـیه‌. هه‌روه‌ها دادگاكه‌ 6 كه‌سی دیكه‌شی به‌بێ تاوان داناوه‌.

زۆربه‌ی ئه‌و 28 تاوانباره‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵـكی ئه‌فریكای باكورن، وه‌ تاوانباركراون به‌وه‌ی پـیلانیان بۆ ته‌قینه‌وه‌كان كێشـاوه‌ و هه‌روه‌ها ته‌قه‌مه‌نیـیه‌كانیان دابن كردووه‌.

لێـكۆڵه‌ره‌وه‌كان ده‌ڵـێن تاوانباره‌كان له‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌لقاعیده‌دا بوون.

شـایانی باسه‌ له‌ 11ی مانگی سێی 2004 دا 10 ته‌قینه‌وه‌ له‌ ناو 4 شه‌مه‌نده‌فه‌ری مه‌دریدا ڕوویدا، وه‌ له‌ ئاكامدا 191 كه‌س كوژران و زیاتر له‌ 1800 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. ته‌قینه‌وه‌كان به‌ 3 ڕۆژ پـێش هه‌ڵـبژاردنه‌ گشـتیـیه‌كاندا هات.

XS
SM
MD
LG