Accessibility links

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا بۆ وتووێـژكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئێرانیدا سه‌ردانی تاران ده‌كات


له‌ گه‌ره‌مه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی جیاوازیـیه‌كانی نێوان مۆسـكۆ و ڵاتانی ڕۆژئاوادا، سێرگی لاڤرۆڤی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ سه‌ردانی تاران ده‌كات.

كاربه‌ده‌سـتانی ئێرانی ده‌ڵێن بڕیاره‌ سێرگی لاڤرۆڤ وتووێـژ له‌گه‌ڵ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆكی ئێراندا سـازبكات.

ڕوسـیا ڕه‌خنه‌ی ده‌گرێت له‌ هه‌نگاوی یه‌ك لایه‌نه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ دژی تاران‌ و هه‌روه‌ها‌ كوشـشه‌كانی بۆ سه‌پاندنی سـزای زیاتری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دژی ئێران له‌سه‌ر جێبه‌جێ نه‌كردنی داواكاری به‌رده‌وامی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵه‌ هه‌سـتیاره‌ ناوه‌كیـیه‌كانی.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌وا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆكی ئێران گه‌مارۆكانی ئه‌م دوایـیه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای له‌ دژی ئێران به‌ بێ به‌ها ناوزه‌ندكردووه‌، وه‌ گوتوویه‌تی تاران چۆك له‌ ئاست ئه‌و فشـارانه‌دا دانادات كه‌ له‌ لایه‌ن واشـنتۆنه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ری.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش سه‌رۆكی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم محه‌مه‌د ئه‌لبه‌رادعی له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا گوتی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئێران بۆ داواكانی ڕاگرتنی پـیتاندنی یۆرانیۆم "جێی داخه‌."

XS
SM
MD
LG