Accessibility links

له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ره‌و چین به‌ڕێـكه‌وت


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ره‌و چین به‌ڕێـكه‌وت تا داوا له‌ ڕێبه‌رانی ئه‌و وڵاته‌ بكات پـشـتگیری له‌ سـه‌پاندنی سـزای توند به‌سه‌ر ئێراندا بكه‌ن.

خانم تزیپـی لیڤنی له‌ لـێدوانێـكدا كه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ گوتوویه‌تی پـێویسـته‌ پـێش ئه‌وه‌ی كار له‌ كار بترازێ كۆمه‌ڵـگای نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌ ئێران وه‌ربگرێت. گوتووشێتی جیهان به‌رگه‌ی ئێرانێـكی خاوه‌ن چه‌كی ناوه‌كی ناگرێت.

ئیسرائیل نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی چین و ڕوسیا، كه‌ هه‌ردووكیان ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانن، له‌ دژی داواكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌پاندنی سـزای توندتر به‌سه‌ر ئێراندا وه‌سـتاون.

شـایانی باسه‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران له‌ 2005 وه‌ زه‌نگی مه‌ترسی له‌ ئیسرائیلدا لێداوه‌، پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ سـڕینه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهاندا كرد.

كاربه‌ده‌سـتانی ئیسرائیل چه‌ندین جار دووباره‌یان كردۆته‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ وڵاته‌كه‌یان كردارێـكی له‌شـكری له‌ دژی داموده‌زگا ناوه‌كیـیه‌كانی ئێران ئه‌نجام بدات ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌وڵه‌ دیبلۆماسـیـیه‌كان شـكستی هێنا.

ئێرانیش ده‌ڵێت مافی خۆیه‌تی به‌رنامه‌ی ناوه‌كی بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ ئه‌لیكتریكی هه‌بێت و نكوڵی ده‌كات له‌وه‌ی به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كی بۆ دروسـتكردنی چه‌كی ناوه‌كی بێت.

XS
SM
MD
LG