Accessibility links

له‌شـكری توركیا و سه‌رهه‌ڵـداوانی كورد له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا به‌یه‌كدا ده‌ده‌ن


ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی توركیا كوژرانی 15 سه‌رهه‌ڵـداوی كورد له‌ میانه‌ی شه‌ڕ و پـێـكـداداندا له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیایان ڕاگه‌یاند.

ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن ئه‌و شه‌ڕ و پـێـكدادانه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ناوچه‌ی تونجه‌لی زۆرینه‌ كورد ڕوویداوه‌، كه‌ نزیـك نیـیه‌ له‌ سـنووری عێراق و‌ له‌و شوێنه‌ی شه‌ڕ و پـێـكدادانی تری نوێی به‌م دوایـیانه‌دا لێ ڕووداوه‌. سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كانی حكومه‌تیش ده‌موده‌ست هیچ ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتی وڵاته‌كه‌ی هه‌موو بژاره‌كانی له‌ به‌رده‌مدا كراوه‌یه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌یدا له‌ دژی سه‌رهه‌ڵـداوانی كورد، ئه‌وانه‌ی بنكه‌یان له‌ باكوری عێراقدا هه‌یه‌.

عه‌لی بابا جان ئه‌م لـێدوانه‌ی له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران دا. سوپاسی ئێرانیشی كرد له‌سه‌ر یارمه‌تیدانی له‌ دژی پارتی كرێـكارانی كوردسـتان، وه‌ گوتیشی ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامبوونی هاوكاری نێوان توركیا و ئێران وتووێـژی كردووه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش مه‌نوچه‌هر مووته‌كی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیلی تاوانبار كرد به‌وه‌ی پـشـتیوانی له‌ هه‌ندێ چالاكی تێرۆریستی كوردی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌نكه‌ره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی له‌شـكركێشـیـیه‌ك بۆ ناو خاكی باكوری عێراق ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستی هێرشبردنه‌ سه‌ر سه‌رهه‌ڵداوانی په‌كه‌كه‌. ئه‌وانه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو 13 سه‌ربازی توركیان له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیادا كوشت.

شـایانی باسه‌ ڕێبه‌رانی توركیا پـێشـنیاره‌كانی حكومه‌تی عێراقیـیان ڕه‌تكرده‌وه‌ بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه‌ و به‌ كه‌موكوڕیان ناوزه‌ندكرد.

هه‌ر ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی حكومه‌تی ئێران بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌وا سه‌رۆكی ئێران مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ په‌یوه‌ندیـیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا عه‌بدوڵـڵا گول به‌ توندی ڕه‌خنه‌ی له‌ په‌كه‌كه‌ گرتووه‌. ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد گوتویه‌تی چالاكیـیه‌ تێرۆریسـتیـیه‌كانی په‌كه‌كه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌كانی توركیا و ئێران و عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.

XS
SM
MD
LG